شەڕی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش لە رەبیعە و قەرەتەپە دەستیپێكردەوە

 شەڕی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش لە رەبیعە و قەرەتەپە دەستیپێكردەوە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) لە دوو قۆڵەوە هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بەڵام لە هەردوو هێرشەكەدا لەلایەن پێشمەرگەوە تێكشكێنراون.

لە ناحییەی قەرەتەپە شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش بەردەوامە و داعش تۆپبارانی چەند ناوچەیەكی ناحییەكە دەكات.

"بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش چەند گولـلە تۆپ و هاوەنێكیان هاویشتە ناو قەرەتەپە و هێرشیانكردە سەر گوندی تیاتران سەر بە ناحییەكە و شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش دەستیپێكرد".

هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە دەڤەری رەبیعە نزیك چوار ریانی رەبیعە، هێرشیان كردە سەر ئەو شارۆچكەیە و هێزەكانی پێشمەرگە توانییان ئەو هێرشەی داعش بشكێنن و چەكدارەكان پاشەكشەیان كردووە.

هاشم سیتەیی فەرماندەی لیوای هەشتی پێشمەرگەی كوردستان گوتی: "لە كاژێر 03:30 بەرەبەیان داعش هێرشی كرد ، بەڵام پێشمەرگە بەڕوویاندا وەستان ‌و شەڕەكە تاوەكو 05:30 بەردەوام بوو دواجار بەناچاری پاشەكشەیان كرد".

ئەوفەرماندەیەی پێشمەرگە گوتیشی: "ئەوە یەكەمین هێرشی داعش بوو دوای ئازادكردنی ئەو شارۆچكەیە بەو رادەیە و بەو تو‌وندیە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو شارۆچكەیە بدەن".

سەبارەت بە زیانەكانی داعش، هاشم سیتەیی گوتی: "ئەوەی بەچاوی خۆمان بینیبێتمان داعش سێ كوژراوی دوای خۆی جێهێشتووە". گوتیشی "پێشمەرگە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە تەنها بریندارێكی هەیە كە برینەكەی سەخت نییە".




رووداو
Top