هەرێمی كوردستان بەشە چەكێكی خۆی دەداتە كۆبانێ
فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند : " ئەو چەك و تەقەمەنی و كەرەستە و پێداویستی پزیشكیانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی كوردی لە عێراق پێماندرابوون بۆ هاوكاریكردنی بەرگریكاران لە كۆبانێ دژی داعش ".
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ، لە لێدوانێكدا ، رایگەیاند " ئەو چەك و تەقەمەنی و پێداویستییە پزیشكیانە بەشی هەرێمی كوردستان بوون ، بەڵام ئێمە داوامان لە ئەمریكا كرد ، كە ئەو بەشە بنێردرێت بۆ شەڕڤانانی كورد لە كۆبانێ ، وەك پاڵپشتییەك و ئەركێكی نیشتمانیی سەرشانمان ، لە داهاتووشدا هاوكارییەكانمان زیاتر دەبن ، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریكا ".
سوپای ئەمریكا دەڵێت فرۆكەكانی جۆری C -130 هاوكارییە سەربازی و پزیشكییەكانیان گەیاندە چەكدارە بەرگریكارەكانی كورد لە كۆبانێ . هەروەها شەوی رابردوو ، باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی لەو پرۆسە هاوبەشەی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا ئاگاداركردبووەوە بۆ هاوكاریكردنی كۆبانێ .
ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمریكا هەروەها ئاشكرایدەكات كە لە رێگەی فڕۆكەی كارگۆوە چەند كاروانێك چەكی بچووك و هاوكاری مرۆیی لە پێداویستی پزیشكی بۆ شەڕڤانان نێردراوە.
فەرماندەیەكی باڵای فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرابكرێت بە ئاژانسی فۆكس نیوزی ئەمریكی راگەیاندووە كە فڕۆكەكان 27 پاكێجی پڕ چەك و پێداویستی پزیشكییان بۆ شەڕڤانان لە كۆبانێ فڕێداوەتە خوارەوە و چاوەڕێشدەكەن ئەنجامی باشی هەبێت بۆ شەڕڤانان، ئەو فەرماندەیە هەروەها دەڵێت " پێمانوایە زۆرینەی ئەو هاوكاریانە گەیشتوونەتە دەستی بەرگریكارانی كورد".
ئەو فەرماندەیەی سوپای ئەمریكا هەروەها دەڵێ " لەكاتی سووڕانەوەی فڕۆكەكانی ئەمریكا هیچ كێشەیەكیان تووشنەبووە، نە لە ئاسمان و نە زەویشەوە تەقەیان لێنەكراوە."
هەروەها دوێنێ بەرەبەیان و ئێوارە فڕۆكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ، هەشت هێرشیانكردە سەر بنكەكانی داعش لە دەوروبەری كۆبانێ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكاش لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند كە تائێستا 135هێرشیان كردووەتە سەر بنكەكانی داعش لە دەوروبەری كۆبانێ.
رووداو
