پەرلەمان كەمپێك بۆ ئاوارەكان لە سنووری كۆبانێ دەكاتەوە

 پەرلەمان كەمپێك بۆ ئاوارەكان لە سنووری كۆبانێ دەكاتەوە
شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی كردنەوەی كەمپێك بۆ ئاوارەكانی كۆبانێ بەرەو سنووری رۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتن.

فەخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو شاندەی كە پێشتر بەرەو كۆبانێ رۆیشتن یەكێك لە بڕیارەكانیان كردنەوەی كەمپێك بوو بۆ ئاوارەكانی ئەو سنوورە لە سنووری نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان.

فەخرەدین قادر گوتی: "شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان گەیشتوونەتە توركیا و بۆ كردنەوەی كەمپەكە دەڕۆنە ئەو سنوورە".

بە گوتەی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان پێكهاتوون لە ئایدن مەعرووف لە توركمانەكان، یروانت نیسان لە كلد و ئاشوور، ئامینە زكری لە پارتی، سەعید مەسیفی لە یەكێتی ، سۆران عومەر لە كۆمەڵ و مەحموود حاجی عومەر لە گۆڕان.

سەبارەت بە بەرنامەی شاندەكە فەخرەدین قادر گوتی:"ئەمڕۆ كەمپەكە لەلایەن ئەو ئەندام پەرلەمانانەوە بەفەرمی دەكرێتەوە، كە شوێنەكەی تەرخانكراوە و پەرلەمانی كوردستان پێداویستییەكانی كەمپەكە دابین دەكات و پێدەچێت هەر ئەمڕۆ یان سبەی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان".

بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان، لە سەرەتای ئەم مانگی 10 شاندێكی پەرلەمانی كوردستان، كە لە 10 پەرلەمانتار پێكهاتبوو، لە هەولێرەوە بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوتن و توانییان لە خۆرئاوای كۆبانێ بچنە نێو ئەو شارە و بۆ ماوەی كاژێر و نیوێك چاودێری بارودۆخی شارەكە بكەن.






رووداو
Top