فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە دوو رۆژدا 21 هێرشیان کردووەتە سەر داعش

 فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە دوو رۆژدا 21 هێرشیان کردووەتە سەر داعش
سوپای ئەمریكا رایدەگەیەنێت، كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا زیاتر لە 20 هێرشی نوێی ئاسمانییان لە رۆژانی هەینی و شەممە ئەنجامداوە و پێگەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامییان لە عێراق و سووریا كردووەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوێكی سەركردایەتی ناوەندی هێزەکانی ئەمریكا، كە رۆژی شەممە 18ی تشرینی یەكەمی 2014 بڵاوكراوەتەوە، هاتووە، كە " فڕۆكە جەنگییەكان لە 15 هێرشی ئاسمانیدا توانیویانە ژێرخانی بەرهەمهێنان و بەكۆگاكردن و گواستنەوەی نەوتی تایبەت بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سووریا بكەنە ئامانج و لەناوی ببەن".

داعش دەستی بەسەر چەندین ناوچەی فراوانی عێراق و سووریادا گرتووە و تووانیویەتی لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە لەو ناوچانەی، كە دەستی بەسەر داگرتوون، بەر لە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەكان، رۆژانە بە بڕی 3 ملیۆن دۆلار قازانج بكات.

بەپێی راگەیەندراوەكەی سوپای ئەمریكا، "لە 7 هێرشی ئاسمانیدا بۆ سەر شارۆچكەی زیبان لە رۆژهەڵاتی سووریا، توانراوە بە سەركەوتوویی خاڵی كۆكردنەوەی نەوتی خام لە شارۆچكەكە بكەنە ئامانج و چەند هێرشێكیش بكەنە سەر باشووری رۆژئاوای دێرەزور".

لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە عێراق، سەركردایەتی ناوەندی هێزەکانی ئەمریكا رایگەیاندووە، کە "فڕۆكە جەنگییەكان هێرشێكیان لە باشوورو رۆژئاوای شاری بێجی ئەنجام دا و بووە هۆی لێدانی دوو یەكەی تایبەت بە رێكخراوی داعش و ئۆتۆمبێلێكی رێكخراوەكەو پێنج هێرشی دیكە كرانە سەر پێگەو مۆڵگە و ئۆتۆمبێلەكانی رێكخراوەكە لە رۆژئاوای بەنداوی مووسڵ".







رووداو
Top