بەهۆی بارانەوە مزگەوت و كەنیسەكان بەڕوی ئاوارەكاندا دەكرێنەوە

بەهۆی بارانەوە مزگەوت و كەنیسەكان بەڕوی ئاوارەكاندا دەكرێنەوە
بەهۆی باران و سەرماوە، وەزارەتی ئەوقاف بریار دەدات بە كردنەوەی مزگەوت و كەنیسەكان بە رووی ئەو ئاوارانەی نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن و دووچاری نارەحەتی بوونەتەوە.



بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێم، مەریوان نەقشبەندی بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ بەهۆی باران و رەشەبا و هاتنی وەرزی سەرما و بەهۆی ئەوەی لەم باران و سەرمایەدا بەشێك لەئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان دوچاری نارەحەتی و سەرما بوون و لەرەوشێكی خراپدا دەژین. بەمهۆیەوە لەسەر داوا و پێشنیاری ژمارەیەك لەكەسایەتی ئاینی و رۆشنبیری و رێكخراوی مرۆیی كوردستان دوای پرسو ڕاگۆرینەوە لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان و لیژنەی فەتوا "كەمال موسلیم" وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی فەرمانیدا بەسەرجەم بەرێوەبەرایەتییەكانی ئەوقاف تا لەگەڵ سەرۆكی یەكەی ئیداری سنورەكانیان و لیژنەی ئاوارەكان مزگەوت و كەنیسەكانی كوردستان بەروی ئاوارەكاندا بكرێنەوە بەتایبەتی هۆڵی پرسە و بۆنە ئاینییەكان بەشێوەیەكی كاتیی تا ئەوەندە كەمپ و جێگە و رێگەی پێویستیان بۆ دابین دەكرێت.



شایانی باسە پێشتریش مزگەوت و كەنیسەكانی كوردستان بۆ ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێم كرابونەوە و ئێستا لەگەڵ باران و سەرما ئەم داواكارییە زۆرتر بوو لەوەزارەتی ئەوقاف.
Top