لە شنگال پێشمەرگە سێ هێرشی داعشی تێك شكاندن.. چەندین كوژراو و برینداریان هەیە

 لە شنگال پێشمەرگە سێ هێرشی داعشی تێك شكاندن.. چەندین كوژراو و برینداریان هەیە
لە گوندی بارەی ژیریی سنووری شنگال، سێ هێرشی چەكدارانی داعش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە تێك شكێندران و تیرۆریستانیش چەندین كوژراو و برینداریان هەبووە.

(مەحما خەلیل) بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، "درەنگانی ئێوارەی دوێنێ، تیرۆریستانی داعش بە چەند ئۆتۆمبێلێك سێ جار هێرشیان بۆ سەر گوندی بارەی ژیری لە نزیك شاخی چۆمۆ هێنا بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو گوندە ئازار بدەن و تاڵان و كوشتن ئەنجام بدەن، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە توانییان هەر زوو بە چەكی قورس و هاوەن و دۆشكە و ئاربیجی ڕووبەڕوویان ببینەوە و هەر سێ هێرشەكەیان تێك شكێندران".
(خەلیل) گوتیشی، "لە ئەنجامی ئەو سێ هێرشەدا خۆشبەختانە هیچ جۆرە زیانێك بە ئێمە و خەڵكی گوند نەكەوتووە وم توانیمان دوو ئۆتۆمبێلی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنین و بینیشمان لاشەی خۆیان هەڵدەگرتەوە، هەروەها دوای تەماشاكردنی شوێنەكەیان خوێنێكی زۆر هەبوو كە چەندین برینداریشیان هەبوو و هەر زوو پاشەكشەیان كرد".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر ڕوونی كردەوە، "هێزەكانی پێشمەرگە لەو سنوورە لەوپەڕی ورەبەرزیداین و پەیمان دەدەینە میللەتی كورد و (سەرۆك بارزانی) تا كۆتا دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاكی خۆمان بكەین و نەهێڵین دەستی رەشی تیرۆریستانی داعش بگاتە یەك بستی چیای شنگال".
Top