ئەمەریکا دەڵێ، بەریان بە پێشڕەویی زیاتری داعش لە کۆبانی گرتووە، بەڵام دۆخ ناجێگیرە

 ئەمەریکا دەڵێ، بەریان بە پێشڕەویی زیاتری داعش لە کۆبانی گرتووە، بەڵام دۆخ ناجێگیرە
فڕۆكە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان، شەوی ڕابردوو و ئەم سەرلەبەیانییە، هەشت هەڵمەتیان بەرپا كردوون و لە ڕێگەیانەوە پێگەكانی تیرۆریستانی داعشیان لە كۆبانی كردوونەتە ئامانج.

گورزوەشاندنەكان لە دوو گوندی دەوروبەری ڕۆژئاوای كۆبانی بوون، ئەمە بەپێی زانیارییەكانی ڕوانگای سووریا بۆ نافەكانی مرۆڤ.
هەر دوێنێ سێشەممە، هێزەكانی هاوپەیمانان 21 هەڵمەتی ئاسمانییان لە پێگەكانی داعش لە، دێرئەلزوور و نزیك كۆبانی وەشاندوون، ئەمە وەك ئەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دوێنێ رایانگەیاند.
فەرماندەیی سەربازیی ئەمەریكا ڕایگەیاند، یەكێك لە ئامانجەكانیان، پاڵاوتەی نەوتیی نزیك دێرئەلزوور بووە، گورزی دیكەیش لە دوو مۆڵگەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە وەشێندراون و زیانی زۆریان بەركەوتووە.

ئەو فەرماندەییە هاوكات دەڵێ، ئاماژەكان نیشانی دەدەن كە، ئەو گورزانە پێشڕەویی داعشیان لە كۆبانیی ڕۆژئاوای كوردستان پەك خستووە، بەڵام هۆشدارییش دەدات لەوەی كە هێشتا لە ڕووی مەیدانییەوە دۆخ جێگیر نییە و داعش دەیەوێ خاكی زیاتر داگیر بكات، لە بەرانبەردا هێزە چەكدارەكانی كۆبانی، لە بەرگری بەردەوامن.
بە گوتەی هەندێ سەرچاوە لە نێو هێزە بەرگریكارەكانی كۆبانی، هێزەكان توانیویانە تەلشعێر كە 5 كیلۆمەتر لە كۆبانییەوە دوورە، بەدەست بهێننەوە.
Top