كۆبانێ..فڕۆكەی هاوپەیمانان بەردەوامن لە بۆردوومانی بنكەكانی داعش
پەیامنێرانی رووداو لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوا و باكووری كوردستان و لە نزیك كۆبانێ رایانگەیاند، كە تا پێش چەند كاژێرێكیش پێش ئێستا فڕۆكەكان بە ئاسمانی كۆبانێدا سووڕاونەتەوە.
پەیامنێرانی رووداو هەروەها دەڵێن، كە پێچەوانەی رۆژانی رابردوو دەنگی تەقە و شەڕ بە كەمی لەنێو كۆبانێ دەبیسترێت و رەوشەكە تا رادەیەك ئارام بووەتەوە، بەڵام داعش زۆر رێگە بەكاردێنێت لەشەری دژی شەڕڤانان.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رووداو كە لە سەرچاوەكانی كانتۆنی كۆبانێ لەنێو شارەكە دەستیكەوتوون ،داعش لەرێگەی ئاژەڵان و بۆمبڕێژكردنیان هەوڵدەدات پێشڕەوی بكات، بەڵام بۆردوومانی فڕۆكەكان و بەرگریی شەڕڤانان رێگەی لەپێشڕەوی داعش گرتووە.
پەیامنێرانی رووداو هەروەها باس لەوەش دەكەن، كە دووكەڵێكی زۆر بەئاسمانی كۆبانێ دەبینرێت و هۆكارەكەشی بۆردوومانی فڕۆكەكانە بۆ سەر داعش.
لەبارەی رەوشی ئاوارەكانی سەر سنوور ،پەیامنێرانی رووداو رایانگەیاند كە ئاوارەكان بەهۆی بارانەوە لە دوێنێ شەوەوە رەوشیان زۆر خراپ بووە و ناڕازین لەو رەوشەی تێیدان .
مانگێكە شەڕی نێوان شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و چەكدارانی داعش بەردەوامە و داعش هەموو هەوڵێك دەدات بۆ گرتنی كۆبانێ لەوانەش شەڕی شەقام و چەندین هەوڵی دیكە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە.
رووداو
