بەنداوی مووسڵ.. هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی تیرۆریستانی داعشیان تێك شكاند

 بەنداوی مووسڵ.. هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی تیرۆریستانی داعشیان تێك شكاند
درەنگانی شەوی رابردوو، هێزەكانی پێشمەرگە لە نزیك بەنداوی مووسڵ توانییان هێرشێكی تیرۆریستانی داعش تێك بشكینن و بە توندی وەڵامیان بدەنەوە.

كارگێری لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان و سەرپەرشتیاری بەنداوی مووسڵ (شێخ محێدین مزووری)، بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە دووریی كیلۆمەتر و نیوێك لە بەنداوی مووسڵ، هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام هەر زوو هێزەكانی پێشمەرگە بە توندی وەڵامیان دانەوە و توانییان ئەو هێرشەی داعش شكست پێ بێنن.
(مزووری) هەروەها گوتیشی، راستەوخۆ دوای ئەو هێرشە، هێزەكانی پێشمەرگە بۆردوومانی مولگەی تیرۆریستانی داعشیان بە تۆپ و چەكی قورس لە نزیك ئەو سنوورە و دەوروبەری ناحیەی وانكێ، كرد.
ئەو سەرپەرشتیارەی بەنداوی مووسڵ زیاتر ڕوونی كردەوە، "هەرچەند تاكو ئێستا زانیاریمان لە سەر كوژراو و برینداری تیرۆریستانی داعش نییە، بەڵام خۆشبەختانە هێزەكانی پێشمەرگە لەو هێرشەی چەكدارانی تیرۆریستی داعشدا هیچ زیانێكیان نەبووە".
دەربارەی بەنداوی مووسڵیش، (شێخ محێدین) گوتی، هیچ مەترسییەكی تیرۆریستانی داعش لەسەر بەنداوی مووسڵ نییە و بۆ پاراستنی ئەو بەنداوەیش، هێزەكانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودان و وەڵامی هەر هێرش و پەلامارێك دەدەنەوە كە لەسەر بەنداوی مووسڵ هەبێت.
Top