رەنگە پێنجشەممە وەزیرە كوردەكان لەگەڵ وەزیرەكانی پۆستە ئەمنییەكاندا سوێندی یاسایی بخۆن
گوتەبێژی شاندی پێشووی دانوستانكاری كورد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی رۆشنبیریی حكوومەتی عێراق (فریاد رەواندزی)، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، بڕیارە ئەم پێنجشەممەیە هەر یەكە لە كاندیدانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ سوێندی یاسایی بخۆن و ئەگەر تاوەكو ئەو كاتیش كاندیدانی كورد ئامادە بن، رەنگە ئەوانیش لە هەمان رۆژدا سوێندی یاسایی بخۆن، بەڵام تاوەكو ئێستا نەبووەتە بڕیار.
(رەواندزی) گوتیشی، لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوە دەكرێت كە ئەو لایەنانەی كاندیدی خۆیان دیاری نەكردووە، دیارییان بكەن و دواتر ناوەكان رەوانە بكرێن و سوێندی یاسایی بخۆن پاشانیش دەستبەكار بن.
دوێنێ هەر پێنج لایەنە سیاسییە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان كۆ بوونەوە و تێیدا بڕیاریان دا بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا بكەن.
هەریەكە لە وەزارەتەكانی دارایی، رۆشنبیری، كۆچ و كۆچبەران، ژنان و وەزارەتێكی دەوڵەت بەر كورد كەوتوون.
پارتیی دیموكراتی كوردستان، (د. رۆژ نووری شاوێس)ـی بۆ جێگری سەرۆكوەزیران و (هۆشیار زێباری)ـی بۆ وەزارەتی دارایی دیاری كردوون، بزووتنەوەی گۆڕانیش (دەرباز محەممەد)ـی وەكو كاندیدی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دیاری كردووە، هەروەها یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (فریاد رەواندزی)ـی بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری دیاری كردووە و هەریەكە لە كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامییش كە وەزارەتی ژنان و دەوڵەتیان بەر كەوتووە، كاندیدی خۆیان دیاری نەكردووە.
