روونکردنەوەیەکی وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابیانی ١٢ی ئامادەیی
"فاتیح مەولەوی زادە" وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەبارەت بە چاککردنی تێکڕا(تەحسین موعەدەل) بڕیارێکمان دەرکردووە، بەڵام پێویستی بە روونکردنەوەیە. گوتیشی: دەرچووانی ١٢ئامادەیی ئەوانەی لە سەرووی ٨٥ یان ھەبوو بۆیان ھەبوو تاقیکردنەوە بۆ جاری دووەم لە ساڵی ئایندە بکەنەوە، ئەمساڵ گۆڕانکاریمان کردووە ھەر قوتابیەک به ھەر نمرەیەک لە ١٢ی ئامادەیی تەواو کردبێت ئەوە دەتوانێت تاقیکردنەوەکانی خۆیان دووبارە بکەنەوە.
فاتیح مەولەوی زادە روونکردنەوەی زیاتری لەسەر ئەو بڕیارە دا و گوتی: ئەوانەی بەھەر کۆنمرەیەک دەرچووبن، دەتوانن دووبارە تاقیکردنەوەی خۆیان ئەنجام بدەنەوە و ئەمساڵ زانکۆ لاین پڕنەکەنەوە، ئەو قوتابیانە دەتوانن تاقیکردنەوەی دەرەکی بدەنەوە و دووبارەی بکەنەوە.
بۆ ھەر قوتابیەک کە دەرچووی ساڵی یەکەم بێت ٣نمرەی دەدرێتی لە وەرگرتنی لە زانکۆکانی کوردستان.
بەڵام وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ھێمای بۆ ئەو ٣نمرەیە کرد کە بەو قوتابیانە دەدرێت کە جاری دووەم تاقیکردنەوە دەکەنەوە، گوتی: ھەر قوتابیەکی ١٢ی ئامادەیی کە لە قۆناغی یەکەم دەردەچێت ٣ نمرەی پێ دەدرێت، بۆ ئەو قوتابیانەی کە بۆ ساڵی دووەم تاقیکردنەوە دەکەنەوە، ئەوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو ٣نمرەیان پێ دەدرێت و ئێمە لەو ٣نمرەیە بەرپرس نین، چونکە پرسیاریی زۆرمان لەسەر ئەو پرسە لێدەکرێت.
باسنیوز
