نێچیرڤان بارزانی: هەموو لایەنەكان كۆكین لەسەر ئەوەی پشتگیریی عەبادی بكەین

 نێچیرڤان بارزانی: هەموو لایەنەكان كۆكین لەسەر ئەوەی پشتگیریی عەبادی بكەین
كۆبوونەوەی پێنج لایەنە كوردستانییەكەی بەشدار لە حكومەتی عێراق كۆتاییهات و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا جەختیان لە بەشداریكردنی كورد لە حكومەتی عێراق و پشتگیریكردنی حەیدەر عەبادی كردەوە.

ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكی پێنج لایەنە كوردستانییەكەی بەشدار لە حكومەتی عێراق، كە لە هەولێر لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی بەڕێوەچوو، ئەو لایەنانە لەسەر پۆستەكانی بەغدا رێككەوتن، كە وەزارەتی دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ پارتی بێت و وەزارەتی رۆشنبیریی بۆ یەكێتی و وەزارەتی دەوڵەت بۆ كۆمەڵی ئیسلامی، هەروەها وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و وەزارەتی كاروباری ژنانیش پشكی یەكگرتوو بێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەكەی بە سەركەوتوو وەسفكرد و گوتی "هەموو لایەنەكان بە گیانێكی بەرپرسیارانە مامەڵەیان كردووە".
گوتیشی "هەمووان كۆكین لەسەر ئەوەی پشتگیریی حەیدەر عەبادی بكەین بۆ ئەوەی لە كابینەكەی سەركەوتوو بێت"، جەختیشیكردەوە كە شانبەشانی ئەو پشتگیریكردنەش هەوڵدەدەن سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ چارەسەر بكەن.

نێچیرڤان بارزانی سووربوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی دووپاتكردەوە لەسەر ئەو سێ مانگەی كە دانراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.










رووداو
Top