پێنج لایەنەكە لەسەر پۆستەكانی بەغدا بەمشێوەیە رێككەوتن
سەرچاوەیەك لەنێو كۆبوونەوەكە رایگەیاند، كە لایەنەكان رێككەوتوون وەزارەتی دارایی و پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت و یەكێتی نیشتمانیی کوردستانیش وەزارەتی رۆشنبیری پێدەدرێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی وەزیری دەوڵەت بووەتە پشكی كۆمەڵ ئیسلامی.
سەبارەت بە وەزارەتەكانی كاروباری ژنان و كۆچ و كۆچبەران، كە هەردووكی پشكی كوردن لە كابینەی نوێی عێراق، سەرچاوەكەی رووداو گوتی كێشەی یەكگرتوو و گۆڕان لەسەر یەكلاییكردنەوەی ئەو دوو وەزارەتە بەردەوامەو هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە كۆبوونەوەی پێنج حیزبە كوردستانییەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی لە شاری هەولێر دەستیپێكرد.لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤانی بارزانی بە سیفەتی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و نیكۆلای میلادینۆف نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەشدار بوون.
شاندی پارتی هەریەك لە فازڵ میرانی، د.رۆژ نووری شاوێس و هۆشیار زێباری بەشداری كۆبوونەوەكەن. شاندی یەكێتیش پێكهاتوون لە مەلا بەختیار و عومەر فەتاح. لە گۆڕانیش جەلال جەوهەر و عومەری سەید عەلی بەشدارن و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیش نوێنەرایەتی حیزبەكەی دەكات. هەروەها محەممەد فەرەج ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكات.
رووداو
