سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕە و بە وردی چاودێری هەموو بەرەكان دەكات و بەرنامە بۆ رزگاركردنی هەموو ناوچەكانی كوردستان دادەڕێژێت
هەروەها دكتۆر فوئاد حوسێن گوتی: ئەم شەڕە وەك جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێكردووە، شەڕی مان و نەمانە، بۆیە كورد بێجگە لە سەركەوتن هیچ رێگەیەكی دیكەی نییە، لەبەر ئەوەی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە ئامانجی ئەوەیە كوردستان داگیر بكات، هەتا ئەم تیرۆریستانەش دراوسێمان بن، ئەم هەڕەشەیە هەر دەمێنێت، بۆیە دەبێت داعش لەناو بچێت، بەڵام لەناوچوونەكەیان ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی هەموو لایەك دەزانین ئەوانیش ئیمكانییەت و خەڵكی خۆیان و پشتگیریشیان هەیە، بۆیە بە هەموو مەزندەكان ئەم شەڕە درێژخایەن دەبێت. بەڵام هیوای ئێمە ئەوەیە بتوانین شەڕەكە كورت بكەینەوە، دەبێت مەزندەی ئەوەش بكرێت كە ئەم شەڕە درێژخایەن بێت بۆ ئەوەی نەكەوینە هەڵەوە.
شایانی باسە حوسێن گوتی: لەسەر ئاستی شەڕی زەمینی ئەوە كوردە ئەو شەڕە دەكات و بێجگە لە كورد كەسێكی دیكە نییە لەسەر زەوی ئەو شەڕە بكات، بەڵام جیهان كە بینی كورد كەوتە مەترسییەوە لە ئاسمانەوە بەشداری ئەم شەڕەیان كرد، واتە بە گورزوەشاندن بە رێگەی فڕۆكە جەنگییەكان، دواتریش یارمەتی لۆجیستیشان هەندێك نارد، بە بڕوای ئێمە ئەم هاریكارییانە سەرەتایین، بۆ ئەوەی ئەم شەڕە حەسم بكرێت و یەكلایی بكرێتەوە، پێویستە هاوكاری زیاتری پێشمەرگە بكرێت، ئەمەش بەو مانایەی، یان دەبێت لەشكری خۆیان بنێرن، یان دەبێت چەكی قورسی پێشكەوتووتر بە پێشمەرگە بدەن و هاوكاری لوجیستیش دەبێت بەردەوام بێت، ئەگەرنا ئەو هاریكارییانەی تا ئێستا هاتوون لە ئاستی قەوارەی ئەم شەڕەدا نین كە پێشمەرگە دەیكات، هەروەها دەبێت هەرێمی كوردستان هاوكاری مرۆییش بكرێت، هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارەی لێیە، بەڵام لە بەغداوە وەك پێویست هاوكاری نەهاتووە، ئێمە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە قەوارەی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی زیاتر بكرێت، بۆ ئەوەی هەم بەرەكانی شەڕ لە بەرژەوەندی پێشمەرگە بێت و هەمیش بتوانین كێشەی ئەو خەڵكەی ئاوارە بوون، چارەسەری بكەین.
لە درێژەی دیدارەكەیدا دكتۆر فوئاد حوسێن گوتی: دەوڵەتانی ئەوروپی و دەوڵەتانی دیكەی هاوپەیمانیش لە رووی لەشكرییەوە هاوكاری سەربازییان كردووین، بەڵام ئەم هاوكارییە دەشێت سوودێكی باشی هەبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشیك، یان راگرتنی داعش لە هەندێك ناوچە، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری شەڕەكە و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ لەناوبردنی داعش، ئەوا چەكی پێشكەوتووتری زیاترمان پێویست دەبێت، بۆ نموونە تانك و زرێپۆش و چەكی دژە تانك و فڕۆكەی هەلیكۆپتەر. ئێمە داوای ئەم چەكانەمان كردووە، بەڵام دەوڵەتانی هاوپەیمانان كەی ئەو بڕیارە دەدەن، جارێك دیار نییە، بەڵام هەر بەردەوام دەبین لەسەر داواكردنیان، سەبارەت بە هاریكاری مرۆییش دیارە كۆمەڵێك رێكخراوی نێودەوڵەتی هاتوونەتە كوردستان، هەروەها دەوڵەتانی هاوپەیمانیش هەندێك پارەیان تەرخان كردووە و بە رێگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاری ئاوارەكان دەكەن، بەڵام ئەو هاریكارییانەش لە ئاستی ئەو هەموو ئاوارەیە نییە، بۆیە هەم دەبێت قەوارەكەی زیاتر بكرێت، هەمیش دەكرێت بەردەوام بێت. زیاد لەمەش دەبێت حكومەتی عێراقی بە تەواوەتی شان بداتە بەر ئەركی خۆی و بە ئاستی قەوارەی كارەساتەكە بێتە پێشەوە و هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(996)
