لە هەرێمی كوردستاندا هەموو بنەمایەكی دەوڵەتی سەربەخۆ بوونی هەیە و راگەیاندنی دەوڵەت تەنها پەیوەستە بە كاتەوە

لە هەرێمی كوردستاندا هەموو بنەمایەكی دەوڵەتی سەربەخۆ بوونی هەیە و راگەیاندنی دەوڵەت تەنها پەیوەستە بە كاتەوە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان لارس ئەندرسۆن توێژەری باڵا لە ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گوتى: من مێژووی ئایدیاكانم خۆێندووە كە ئەمەش زیاتر فەلسەفە دەگرێتەوە، بەڵام دواتر دەستم كرد بە دیراسەتكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زەمالەم وەرگرت و سەردانی تونس و ئیماراتم كرد بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی و دواتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ توێژەر بووم لە سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دانیمارك و بوومە سەرۆكی سەنتەرەكە بۆ ماوەی 10ساڵ، دوای ئەوە لە زانكۆی (مونترا ئەنیستیوت)ی ئەمریكی زەمالەیەكی نوێم بۆ خوێندن لەبواری ئاسایش و تیرۆریزم بۆ هات، ئەم زانكۆیە كە خۆی لە كالیفۆرنیایە، نووسینگەیەكیان لە واشنتۆن هەیە، من ماوەی چوار ساڵ و نیو لەو نووسینگەیە توێژینەوەم لەسەر ئاسایش و تیرۆریزم كردووە، لە توێژینەوەكانمدا شیكاری و جەختم لەسەر مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی چەكی كۆمەڵكوژ و گەیشتنیان بە دەستی گرووپە تیرۆریستەكان كردووە. كەواتە لەو كاتەی باكگراوەندی من فەلسەفە بوو، لە هەمانكاتدا بوومە پسپۆڕیش لە گەشەپێدانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ئاسایشی ئەمریكا. بۆ چەندین ساڵ خەریكی نووسین بووم لە بارەی سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەروەها لارس گوتى: سەرەتا كە بە بەڕێوەبەرەكەم و هاوەڵەكانم گوت: دەچم بۆ هەولێر، پێیانوتم: مەڕۆ لەبەر ئەوەی رەوشەكە بە هۆی شەڕی داعشەوە زۆر مەترسیدارە. لەمەش زیاتر كە رێنمایی گەشتكردنی دانیمارك و بەریتانیا و چەند وڵاتێكی دیكەشم خوێندەوە، هەموویان باسی ئەوەیان دەكرد سەفەر بۆ هەولێر مەكەن، چونكە بارەكە زۆر مەترسیدارە، هەتا ئەگەر چوویتە ئەوێش دەبێت بە زووترین كات بەجێی بهێڵیت، بۆیە بەپێی ئەو رێنماییانەی من لە دانیمارك دەمخوێندەوە، سەفەركردن بۆ هەولێر وەك سەفەكردن بۆ سۆماڵ وابوو، بەپێی رێنماییەكان پێیانوتم ئەگەر هەر سووریت لەسەر ئەوەی بچیت بۆ هەولێر، باشترە پاسەوانێك بۆ خۆت بگری بۆ ئەوەی پاسەوانیت بكات، هەروەها بەڕێوەبەرەكەم وتی: ئەگەر بڕیارت داوە، هەر بچیت، ئەوا ئێمە خەرجی پاسەوانت بۆ دابین دەكەین. دواتر نامەیەكی ئەلكترۆنیم بۆ هاوڕێم خالید ساڵح (سەرۆكی زانكۆی كوردستان لە هەولێر) و كەسێكی دیكە نارد، ئەوان دڵنیان كردمەوە هەولێر ئارام و سەقامگیرە و هیچ مەترسییەك نییە، ئیستاش چەند رۆژە لێرەم و دەبینم بارودۆخەكە ئارام و سەقامگیرە.

شایانی باسە ئەندرسۆن هەروەها گوتى: من پێشتر سەردانی (ئیسلام ئاباد)م كردووە، لەو كاتەدا سوپای پاكستان لەگەڵ رێكخراوی تاڵیبان لە شەڕێكی سەختدا بوون، شەقامەكانی ئیسلام ئاباد چۆڵ بوون، دووكان و بازاڕەكان هەموویان داخرا بوون، بۆیە هەموو كەس ترسی ئەوەی هەبوو بكەوێتە دەست تیرۆریستان و بكرێتە بارمتە، پاشان بە رێگەی یوتوب وێنەی ئەو بارمتانەمان دەبینی كە كەوتبوونە دەستی تیرۆریستان، بۆیە پێش ئەوەی بێمە هەولێر، هاوەڵەكانم پێیاندەگوتم: نامانەوێت وەك بارمتەی دەستی تیرۆریستان بتبینین. بەڵام ئێستا لە هەولێرم و بێجگە لە هەولێر سەردانی چەند ناوچەیەكی دیكەشم كردووە، ئەوەی تێبینم كردووە، بارودۆخی هەولێر زۆر جیاوازە لە ناوچە عەرەبیەكانی عێراق، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خەڵكی كوردستان مەبەستیانە پەرەپێدانی هەرێمەكەیان بەردەوام بێت.

لە كۆتاییدا دیدارەكەیدا لارس گوتی: ئەوەی من لەم چەند رۆژە هەستم پێكردووە، ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان وێڕای هەموو ئاستەنگەكان، چاویان لە ئاییندەیە و دەیانەوێت جڵەوی چارەنووس لە دەستی خۆیاندا بێت و تێڕوانینێكی پتر پراگماتیكیان هەیە و زیاتر ئامادەی هاوكاری كردنن. بەڵام پرسیاری گرنگ كە لای من دروست بووە، ئەوەیە ئایا كوردستان سەربەخۆ دەبێت؟ پێموایە كوردستان لە دوای ساڵی 1991 هەتا ئێستا هەنگاوی گەورەی بەرەو سەربەخۆیی هەڵگرتووە، لە ئێستاشدا چەندین بونیادتان دامەزراندووە كە دەتوانن دەوڵەتی خۆتان بەڕێوە ببەن، بەربەستێكی سەرەكیش توركیا بوو، بەڵام ئێوە دەستتان كرد بە دروستكردنی پەیوەندی باش لەگەڵ توركیادا، بەربەستێكی دیكە هەبوو كە پەكەكە بوو، كە توركیا لەوە دەترسا نەوایەكی ئارامی هەبێت لەوێدا، ئێستاش توركیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ پەكەكە، لەبەر ئەوە رەنگە توركیا ئەوەند ترسی نەبێت لە كوردستانی عێراق. هەتا پێش مانگی ئاب كە داعش هێرشی كردە سەر كوردستان، زۆر كەس پێی وابوو هەرێمی كوردستان ناتوانن لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن لەسەر بودجە و نەوت و مووچەی پێشمەرگە.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(996)




Top