میلادینۆڤ: بۆ ئەوەی بەغدا مووچە بنێرێت پێویستە وەزیرە کوردەکان بچنەوە بەغدا
گوتیشی: "بۆ ئەوەی مووچەی خەڵکی کوردستان بدرێت، کە لەسەرەتای ساڵەوە مووچەی خەڵکی کوردستان وەستاوە، پێویستە وەزیرە کوردەکان هەرچی زووە بگەڕێنەوە بەغدا، بەتایبەت وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکوەزیران".
ملادینۆڤ لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداودا بڕیاردانی کوردی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی فیدڕاڵی بە "بڕیارێکی زۆر گرنگ و راست"ی دانا و گوتی: "بۆ ئەوەی حکومەتەکە بکەوێتە کار دەبێ وەزیرەکان بگەڕێنەوە، ئێستا حکومەتەکە ناتوانێ کارەکانی بکات، بەتایبەت وەزیری دارایی کە زۆر پێویستە".
ئەو وتانەی میلادینۆڤ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هات لەگەڵ یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا نیکۆلای میلادینۆڤ، نوێنەری بان کی مۆن لە عێراق لەبارەی رەوشی کۆبانێ گوتی: "لەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوو راپۆرتم بەدەست گەیشت، کە یەکێکیان ئەو راپۆرتە بوو کە لەلایەن شاندی پەرلەمانی کوردستانەوە ئامادەکراوە، راپۆرتی دووەمیش لە لیژنەی مافی مرۆڤەوەیە سەبارەت بەو رەوشەی لە کۆبانێ هەیە" .
هەروەها گوتیشی: "بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش تەنیا لە عێراق نییە، بەڵام داواکارم چۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانی شنگال و ئامرلی بپارێزێ، بەهەمانشێوە کۆبانێش بپارێزێ".
رووداو
