نێچیرڤان بارزانی: چەك و تەقەمەنیمان بۆ كۆبانێ ناردووە

 نێچیرڤان بارزانی: چەك و تەقەمەنیمان بۆ كۆبانێ ناردووە
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەرچییان لەدەستهاتووە بۆ كۆبانێ درێغییان نەكردووەو ئاشكراشیكرد، بۆردوومانكردنی داعش لەلایەن فڕۆكە ئەمریكییەكانەوە لەسەر داواو بە هەماهەنگی هەرێمی كوردستان بووە.
دوای كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا‌و لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر كۆبانێ، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "كۆبانێ بە نیسبەت ئێمەوە پرسێكی گرنگە و ئەوەی لە تواناماندا بێت كردوومانەو درێغی ناكەین".

نێچیرڤان بارزانی هەڵكەوتەی كۆبانێی لەرووی جوگرافییەوە بە هۆكارێك زانی بۆ ئەوەی بە ئاستەنگ حكومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت هێز بنێرێتە ئەو شارە، بەڵام ئاشكرایكرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە هاوكاریی مرۆیی، چەك و تەقەمەنیشی بۆ كۆبانێ ناردووە.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتیشی "بۆ لێدانی چەكدارانی داعش لە دە‌وروبەری كۆبانێ حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنسیقی لەگەڵ ئەمریكا كردووە".

بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا بچێتە بەغدا، لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا گوتی: "هەلومەرجێكی نوێ لە بەغدا هەیە و ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەیە كێشەكان بەهێمنی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات وەكو كێشەی بودجە و پێشمەرگەو پرسی وزە، ئێمە دەمانەوێت چانسێك بدەینە سەرۆكوەزیرانی نوێ".

نێچیرڤان بارزانی رەتیكردەوە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق مەرجی بۆ كورد دانابێت و گوتی "هیچ شتێكی فەرمیم لەوبارەیەوە نەبیستووە". گوتیشی "بەڵام هەرێمی كوردستان ئامادەیە مەرجی شەفافی قبوڵ بكات و بۆ ئەوە ئامادەین هەموو زانیارییەك بدەینە بەغدا". جەختیشیكردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵی نەوت ناداتە دەست بەغدا.






رووداو
Top