دیندار زێباری: تا ئێستا 3 هەزار پەنابەری كۆبانێ گەیشتنە هەرێمی كوردستان

دیندار زێباری: تا ئێستا 3 هەزار پەنابەری كۆبانێ گەیشتنە هەرێمی كوردستان
د. دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی رایگەیاند: تا ئێستا سێ هەزار پەنابەری كۆبانێ گەیشتنە هەرێمی كوردستان كە هەزار كەسیان بە شێوەیەكی فەرمی هاتنە ناوەوەی هەرێم و ئەوانەی دیكەش بە شێوازی تر گەیشتنە هەرێمی كوردستان.


لەماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا 172 هەزار دانیشتوانانی شاری كۆبانێ بەهۆی هێرشی چەكدارانی تیرۆریستی داعشەوە ئاوارەی باكووری كوردستان بوونە. زێباری پێشبینی دەكات زۆربەیان روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و بۆ بە هاناوەچوونیان پێویستە بۆ تەواوی ناوچەكانی هەرێم بگوازرێنەوە كە پارێزگای دهۆك كە لەكاتی ئێستادا ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە خۆگرتووە.

هەر سەبارەت بە هاتنی پەنابەرانی كۆبانێ، دیندار زێباری رایگەیاند: دوو هەزار ئاوارە لە 25 ئەیلۆلەوە تا 10 تشرینی یەكەم هاتنە هەرێمی كوردستان كە زۆربەیان لە كەمپی گوەیلان لە دهۆك نیشتەجێكراون، تەنیا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا هەزار پەنابەری تر لە كۆبانێیەوە گەیشتنە هەرێمی كوردستان.

هەروەها باسی لە ئەولەوییەتەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كرد و رایگەیاند ئامادەكاری بۆ وەرزی زستان لە ئەولەوییەتی حكوومەتی هەرێم دایە كە بڕیارە تا ناوەڕاستی مانگی ئایندە تەواوی ئاوارەكانی نیشتەجێ لەناو قوتابخانە و بیناكانی ناتەواو بۆ كەمپەكان بگوازرێنەوە.

سەبارەت بە یارمەتیی نێودەولًەتی بۆ پەنابەرانی رۆژئاوا، زێباری ئاماژە بەوە دا كە نەتەوە یەكگرتووكان داوای سەدان ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی رۆژئاوا لە وڵاتانی كۆمەكبەخش كردبوو كە بەوتەی بەرپرسانی یوئێن تەنیا 30% ئەم بڕە پارەیە بەدەستیان گەیشتووە.

كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان هەروەها ئاماژە بە بەردەوامبوونی هاتنی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان بۆ هەرێمی كوردستان دەكات و نیگەرانیی خۆی و بەرپرسانی لۆكالی بەرامبەر هاتنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەرانی كۆبانێ بۆ هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و تیشك دەخاتە سەر سنوورداربوونی توانایی پێشوازی و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم.

لە نێوەی دووەمی مانگی ئەیلوول 4354 پەنابەری رۆژئاوا بۆ شوێنی خۆیان گەڕانەوە كە 3765 كەسیان لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە تۆماركراون. دەروازەی پیشخابوور بووە رێرەوێكی مرۆیی بۆ ئالوگۆڕی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كە بەهۆی هێڕشی سەر ناوچەكانی كوردنشین پێشبینی هاتنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەرانی رۆژئاوا دەكرێت.
Top