کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات

 کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات
ئەمڕۆ یەكشەممە 12-10-2014 مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە‌و نێچیرڤان بارزانی و مەلا بەختیار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، كە باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حیزب ‌و كێشەكانی هەولێر و بەغدا كردووە.

دوای كۆبوونەوەكە، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان رێكخست و نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان روونكردەوە.

مەلا بەختیار لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا گوتی "كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەنێوان یەكێتی و پارتی ئەنجامدراو بەدڵی هەردوولامان بوو و تەوەری گفتوگۆكانمان چارەنووسساز بوون". هەروەها نێچیرڤان بارزانی گوتی "كۆبوونەوەكەمان باش و راشكاوانە بوو".

نێچیرڤان بارزانی و مەلا بەختیار جەختیان لە گرنگی پەیوەندییەكانی هەردوولا كردەوەو نێچیرڤان بارزانی گوتی "لە رابردوودا پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی شتی گرنگی لێ بەدەستهاتووە، بۆیە ئێستاش پێویستە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی و هەموو حیزبەكانی دیكەش پتە‌وبێت".

هەر سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ، مەلا بەختیار رایگەیاند، كە بڕیاردراوە لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێكبهێنرێت و بە گوتەی ئەو، لیژنەكەی پارتی نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی دەكات و لە لایەنی یەكێتیش خودی مەلا بەختیار سەرپەرشتی دەكات. گوتیشی رۆژی پێنجشەممە كۆبوونەوەیەكی دیكە لەنێوان پارتی و یەكێتی ئەنجامدەدرێت.

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا مەلا بەختیار گوتی "ئێمە تاوەكو ئێستاش پابەندین بە رَككەوتننامەی ستراتیژی نێوانمان".








رووداو
Top