حكوومەتی هەرێم پێشبینی دەكات 150 هەزار خێزان لە كۆبانییەوە ئاوارەی كوردستان بن

 حكوومەتی هەرێم پێشبینی دەكات 150 هەزار خێزان لە كۆبانییەوە ئاوارەی كوردستان بن
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتیی هەرێم، سنووری هەرێمی كوردستان بە فەرمی بە ڕووی ئاوارەكانی كۆبانیدا كراوەتەوە و، پێشبینییش دەكرێت نزیكەی 150 هەزار خێزانی ئاوارەی كۆبانی بێنە هەرێمی كوردستان.

یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (دیندار زێباری)، بە kdp.info-ی راگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە فەرمی سنووری هەرێمی كوردستان بە ڕووی ئاوارەكانی كۆبانیدا كراوەتەوە و تاوەكو ئێستایش 500 خێزان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان كە ئێستا 400 خێزان لەوانە لە كەمپی گەویلان نیشتەجێ بوون".
(زێباری) هەروەها ئاماژەیشی دا، ئەو ئاوارانەی دێنە هەرێمی كوردستان تەنیا تەماشای ناسنامەكانیان دەكرێت كە بزانن خەڵكی كۆبانین، ئەمەیش لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە".
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، "پێشبینی دەكەین نزیكەی 150 هەزار خێزانی ئاوارەی كۆبانی بێنە هەرێمی كوردستان و لەبەر ئەوەیش كە لە سنووری دهۆك كەمپمان نییە، رەوانەی هەولێر و سلێمانی دەكرێن".
زیاتر گوتی، "هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبانییەوە زۆر ڕوونە و هاوكاریی مرۆییان پێشكەش دەكەین و پێشوازییەكی گەرمیشیان لێ دەكەین، هەروەها لە ڕووی چارەی سیاسییەوە هەڵوێستی ئێمە لەگەڵ هەڵوێستی نێودەوڵەتییە، كە چارەیەكی نێودەوڵەتی بۆ بكرێت و پێویستە رزگاركردنی كۆبانی بڕیارێكی نێودەوڵەتی لەبارەوە بدرێت و تەنیا بەرپرسیارەتیی لایەنێك نەبێت".
Top