میكانیزمی دامەزراندنی شەش هەزار مامۆستا دانراوە.. ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی پێشان دا

 میكانیزمی دامەزراندنی شەش هەزار مامۆستا دانراوە.. ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی پێشان دا
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، میكانیزمی دامەراندنی شەش هەزار مامۆستا دانراوە و دامەزراندنەكەیش لە رێگەی بەڕێوەبەری قوتابخانەكانەوە دەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فاتیح مەولەوی زادە)، بە Kdp.info-ی راگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی بۆ دامەزراندنی شەش هەزار مامۆستا بە شێوەی گرێبەست پێشان داوە و ئێمەیش گەییشتووینەتە ئەو بڕوایەی كە میكانیزمی دامەزراندن لە رێگەی بەڕێوەبەری قوتابخانەكانەوە بێت، نەك لە رێگەی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە".
(مەولەوی زادە) رەتیشی كردەوە كە دامەزراندنەكە لەم هەفتەیەدا دەست پێ بكات و گوتی، لەبەر قەیرانی دارایی هەرێم تاوەكو ئێستا كاتەكەی دیاری نەكراوە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ژمارەیەكی كەمی قوتابخانەكان ئاوارەیان تێدا ماون و تا مانگ و نیوێكی دیكە هیچ ئاوارەیەك لە قوتابخانەكاندا نامێنێت، ئەو كاتەی كە لە دەستیش چووە، لە كۆتایی ساڵی خوێندن بۆیان قەرەبوو دەكرێتەوە.
Top