پێداویستیی بۆ ئاوارەكانی كۆبانی دابین كرا.. لە كەمپی گەویلان نیشتەجێ كراون
رۆژی 11/10/2014 لە درێژەی هەڵمەتی تیمی دەستگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان، بە تایبەت پەنابەرانی شاری كۆبانی و ئەو خێزانانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە كەمپی گەویلان نیشتەجێ كراون، دەستگای خێرخوازیی بارزانی لە هەڵمەتێكدا چەندین جۆر پێداویستیی سەرەتایی بۆ دابین كردن، لەوانە دابەشكردنی شیری منداڵان و دایبی و 350 سێت مەتبەخ و تەباخ و ئازووقە.
لەو بارەیەوە جێگری سەرۆكی دەستگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد) رایگەیاند، "پاش ئەوەی توانیمان وەك تاكە دەستگای خێرخوازی كۆمەك و یارمەتی بگەیەنینە ئاوارەكانی شاری كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان، ئێستاكەیش دوای كردنەوەی دەرگای سنووری بە ڕووی پەنابەرانی شارەكەدا و هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان، لە هەڵمەتێكدا چەندین جۆر پێداویستی سەرەتاییمان بەسەر 350 خێزانی پەنابەری شاری كۆبانی دابەش كرد كە ئێستاكە لە كەمپی گەویلان نیشتەجێ كراون".
گوتیشی، "كۆمەك و یارمەتییەكانمان بەردەوام دەبن، چونكە پێشبینی دەكرێ رێژەیەكی زۆر لە پەنابەر روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ ئەوەی تیمەكانمان فریای پەنابەران بكەون و پێداویستی و كەلوپەل و خۆراكیان بەسەردا دابەش بكەن".
لە لایەكی دیكەوە و لە رۆژانی جەژنی قورباندا، ئۆفیسی دەستگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی بەحركە گۆشتی قوربانیی بەسەر 725 خێزانی پەنابەردا دابەش كرد، جگە لەوەیش چەندین جۆری دیكەی پێداویستییان بەسەردا دابەش كرا، لەوانە دابەشكردنی تایت و نان بەسەر 725 خێزانی پەنابەر، لەگەڵ دابەشكردنی بەتانی و جلیكان كە بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی UNHCR ئەنجام درابوو، هەروەها شیری منداڵان و ئاوی خواردنەوەیشیان بەسەردا دابەش كرا.
هاوكات لە كەمپی گەویلانیش گۆشتی قوربانی بەسەر 760 خێزانی پەنابەری رۆژئاوای كوردستاندا دابەش كرا، هەر لە درێژەی چالاكییەكانی دەستگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژانی جەژندا كەمپی ئاكرێ بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی هەستان بە دابەشكردنی ئازووقەی مانگێك بەسەر پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان، كە تێیدا 282 خێزان سوودمەند بوون.
