پەرلەمانی کوردستان، توندوتیژی بەرانبەر بە خۆپێشاندەرانی باکووری کوردستان سەرکۆنە دەکات

 پەرلەمانی کوردستان، توندوتیژی بەرانبەر بە خۆپێشاندەرانی باکووری کوردستان سەرکۆنە دەکات
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکیدا، بە توندی سەرکۆنەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژبە خۆپێشاندەران دەکات و داوا لە دەستەڵاتدارانی تورکیا دەکات، لە جیاتی رووبەڕووبونەوە و کوشتن و گرتنی خۆپێشاندەرانی سڤیل، بە دەم داخوازییەکانیانەوە بچن، کە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو داخوازیانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە داعش، بۆ بەهاناوەچوونی شەڕڤانانی قارەمانی کۆبانی ئاراستەی تورکیای دەکەن.

دەقی بەیاننامەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپێشاندەران لە باکووری کوردستان:

لە دوای ئەوەی رێکخراوی به‌ناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پەلامارەکانی بۆ سەر شاری کۆبانی چڕ کردەوە، گەلەکەمان لە هەموو دونیا بۆ پاڵپشتیی ئەو شارە خۆڕاگرە رژانە سەر شەقامەکان و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە رێگە بگرن لەو کۆمەڵکوژییەی کە داعش دەیەوێت لە کانتۆنی کۆبانی ئەنجامی بدات.
گەلەکەمان لە باکووری کوردستان، هاوشان لەگەڵ گەلانی دیکەی تورکیا، وەک بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی لە شار و شارۆچکەکاندا خۆپێشاندانیان ئه‌نجام دا و داوایان لە دەستەڵاتدارانی تورکیا کرد رێگە بۆ گەییشتنی کۆمەکی مرۆیی و سەربازی بۆ کۆبانی بکاتەوە.
لە بەرامبەردا دامودەزگا ئەمنییەکانی تورکیا، به‌ زێده‌ڕۆییكردن له‌ به‌كارهێنانی توندوتیژیی نامرۆڤانە بەربوونە گیانی خۆپێشاندەران و دەیان کەسیان شەهید کرد و بە سەدانیش بریندار و ژمارەیەکی زۆری خۆپێشانده‌رانیان دەستگیر کردن.
ئێمه‌ له‌ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە توندی ئیدانەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژبە خۆپێشاندەران دەکه‌ین و داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکه‌ین لە جیاتی رووبەڕووبونەوە و کوشتن و گرتنی خۆپێشاندەرانی سڤیل، بە دەم داخوازییەکانیانەوە بچن، کە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو داخوازیانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە داعش، بۆ بەهاناوەچوونی شەڕڤانانی قارەمانی کۆبانی ئاراستەی تورکیای دەکەن.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ داخوازیی سەرجەم خۆپێشاندەران و پشتیوانانی کۆبانی لە کوردستان و سەرجەم وڵاتانی دونیا دووپات ده‌كاته‌وه‌.
سەربەرزی بۆ شەهیدانی کۆبانی، سڵاو لە خۆراگریی خۆپێشاندەران لە هەر کوێیەک هەن.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
11/10/2014
Top