پەیەدە: داعش دوو گەڕەکی دیکەی کۆبانیی داگیر کردن
هاوسەرۆکی پەیەدە(ئاسیا عەبدوڵڵا) لە نێو بەرگریکارانی کۆبانیوە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، "ئەمشەو، تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، بە چەکی قورس کە تانکیشیان پێ بووە، هاتوونەتە نێو دوو گەڕەکی شارەکەوە. ڕەنگە هاووڵاتیانیش بە هۆیەوە گیانیان لە دەست دابێ، چونکە شەڕێکی سەخت بەرپا بووە."
بەرپرسێکی دیکەی پەیەدەیش ڕایگەیاندووە، سەرباری ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە هاوپەیمانان کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات گورزیان لە داعش وەشاندووە، بەڵام چەکدارانی داعش، دەستیان بەسەر چەند باڵاخانەیەکی ڕۆژهەڵاتی کۆبانیدا گرتووە.
ئەم هێرشەی تیرۆریستانی داعش پاش ئەوە دێ کە، بە هۆی گورزوەشاندنەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیانەوە، هۆکار بوون بۆ کەمێک لە پاشەکشەی داعش لەو سێ گەڕەکەی کە ڕۆژهەڵاتی شار و بەشێکی ڕۆژئاوایەوە دێت، کە دوو ڕۆژ پێشتر دەستیان بەسەردا گرتبوو.
