لێدوانێك لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕەوشی كۆبانێ

لێدوانێك لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕەوشی كۆبانێ
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتای هەڕەشە و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێ، پاڵپشتی كۆبانێ و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بووە و سەرۆك بارزانی زۆر بە پەرۆشەوە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئاوارەكان و ڕەوشی كۆبانێ كردووە و لە 19ـی ئەیلوولی 2014 لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە كۆبانێ لە هەڕەشەی تیرۆریستان بپارێزن و پەلاماری داعشی بۆسەر كۆبانێ بە نەفیرعام لەدژی گەلی كورد وەسف كرد.

پاش ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و چڕتربوونی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەخت لە هەمان هەڵوێست دەكات و داوا لە وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش دەكات كە هاوكاری خەڵك و خەباتكارانی كۆبانێ بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش. سەرۆك بارزانی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بە هانای خەڵكی كۆبانێ و پەنابەران بچن كە لەبەر هەڕەشەی داعش پەنایان بۆ ئەو دیوی سنوور بردووە.

لەم دۆخە نالەبارەی كۆبانێ تێیكەوتووە سەرۆكایەتیی هەرێم و گەلی كوردستان پاڵپشت و هاوپەیمانی خوشك و برایانی خۆیانن لە كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان.

د. فواد حوسێن
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
7ـی ئۆكتۆبەری 2014
Top