وەزارەتی پێشمەرگە: پلانی ئازادکردنی شەنگال ئامادەکراوە
ھەڵگورد مەلا حیکمەت بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و رۆشنبیری و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمریکا و ھاوپەیمانان پلانی ئازادکردنی شەنگالی ئامادەکردوە و چاوەروانی فەرمانین.
ھەڵگورد مەلا حیکمەت، بۆ ئاشکرا نەبوونی پلانی سەربازی وردەکاری پلانی ئازادکردنی شەنگالی نەخستەروو، بەڵام گوتی: پلانەکە بۆ ئازادکردنی شەنگاڵ و ئەو جێگایانەی تریش ئامادەیە کە داعش داگیری کردوون.
بەپێی زانیاریەکان ھێزەکانی پێشمەرگە حەوت کیلۆمەتر لە چیای شەنگال دوورن و لە تەواوی ئامادە باشیدان و چاوەروانی فەرمانی ھێرشبردنن بۆ ئازادکردنی شەنگال.
دوای ئازادکردنی رەبیعە و ھەندێک ناوچەی تر، پلانی پێشمەرگە بۆ ئازادکردن و پاککردنەوەی شنگال دەستی پێکردووە و چەند رۆژێکە بە چری بۆردوومانی ھێزەکانی داعش لەو ناوچانە دەکرێت.
شەنگال دەکەوێتە ئەوپەڕی خۆرئاوای ھەرێمی کوردستان و ١٢٠ کیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە و ماوەی ٢ مانگە ھێزەکانی داعش داگیریانکردوە.
دوێنێ چوارشەمە، لیوا موسا گەردی، فەرماندەی فەرماندەیی ھەڵگورد ڕایگەیاند بەڵێن بە خەڵکی کوردستان دەدەن مزگێنی ئازادکردنی شنگال و زوممار نزیک بووەتەوە.
