سەرچاوەیەک: 36 سەعاتە شەڕ بەردەوامە.. داعش دەستی بەسەر ڕادیۆی کۆبانیدا گرت
(مستەفا عەبدی)-ی چالاکوان ڕایگەیاند، "کۆبانی هێشتا بەرگری دەکات و شکستی نەبردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێ بەم زووانە دووچاری ئەو شکستە نەخوازراوە ببێ، ئەمەیش پاش داگیرکردنی ئەو 400 گوندە دێ کە داعش وەک هەوڵێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارەکە دەیدات."
دەربارەی توانای بەرگرییش لە کۆبانی، (عەبدی) گوتی، "ئەو چەکدارە کوردانە(یەپەگە) و ئەو گەنجانەیشی خۆبەخشانە بەگری لە شارەکە دەکەن، ئازایانە بەرەنگاری داعش بوونەتەوە و چوونە نێو شارەکەیان دواخستووە."
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگاداریش کە نەیویست ناوی ببرێت، تایبەت بە KDP.info–ی ڕاگەیاند، "داعش ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە گوندی (حەلنجە)وە دەستی بەسەر دەروازەی سەرەکیی شاردا گرتووە، لیدانی 5 مووشەکیش لە شارەکە زیانی ماددیی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام هێشتا زیانی گیانی نەزانراون، ئەم دۆخەیش پشێوی لە نێو خەڵکیدا ناوەتەوە و بە هۆیەوە زیاتر لە هەزار کەس بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە بەرەو سنووری باکووری کوردستان(تورکیا) ڕایانکردووە."
سەرچاوەکە زیاتر گوتی، "داعش هاوکات دەستی بەسەر بارەگای ڕادیۆی کۆبانی(غەربا) و هەردوو گوندی میناس و عەلبەلووری ڕۆژئاوای شارەکەدا گرتووە، هاوکات لە ڕۆژهەڵاتیشەوە گوندی ئەیدەقی گرتووە، ئەمانەیش لە کاتێکدان کە لە هەردوو بەری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کۆبانی شەڕ بەردەوامە."
ئەو سەرچاوەیە هاوکات، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بە هانای کۆبانیوە بێن و پارێزگاری لە دانیشتوانە سڤیلەکەی بکەن، تا تیرۆر و تۆقاندن و پێشێلکاریی مرۆیی ڕوو نەدەن، کە داعش بە چوونە نێو هەر ئاوایییەکەوە ئەنجامی دەدەن، هاوکات داوای لە هاوپەیمانان کرد، گورزی زیاتر لە پێگەی چەکدارانی داعش بووەشێنن کە گەمارۆی کۆبانییان داوە."
لە شەوی ڕابردووەوە، داعش لە سێ قۆڵەوە هێرشی سەختی بۆ سەر شارەکە بەرپا کردووەتەوە و، لە بەری باشووری ڕۆژهەڵاتییەوە و هاوکات لە گوندی حەلنج کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتەوە و 2 کم لە کۆبانیوە دوورە، شەڕی سەخت بەرپا بووە، داعش هاوکات هێرشیان بردووەتە سەر گوندی شیران و بە چەکی قورس لێیان داون، بەڵام هێزی یەپەگە و خۆبەخشەکان بەرپەرچیان داونەتەوە و هێشتایش شەڕ بەردەوامە.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، لەو پێکدادانانەدا، هێزی بەرگریی کۆبانی، لە گوندی کازکان، توانیویەتی سێ دۆشکە بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە تێک بشکێنێ و کۆی سەرنشینانیشی بکوژێ.
بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگای سووریایش، ئەو شەڕەی کە چەکی قورسی لە لایەن داعشەوە تێدا بە کار دەهێنرێ، لە دەوروبەری کۆبانی 36 سەعاتە درێژەی هەیە، هاوکات شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە چەند تەقینەوەیەکی بەهێز کۆبانییان هەژاندووە، ئەمەیش هاوکاتە لەگەڵ بۆردوومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە چەکدارانی تێیدا جێگیر بوون.
