شەروپێکدادان لە سنووری دووزخورماتوو بەردەوامە

شەروپێکدادان لە سنووری دووزخورماتوو بەردەوامە
ماوەی دوو رۆژە لە سنووری شارۆچکەی دووزخورماتوو شەروپێکدادان لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگەو ھێزەکانی بەدر لە گەڵ چەکدارانی داعش بەردەوامە و ھێزەکانی پێشمەرگەو بەدر توانیویانە چەند گوندێک لە داعش رابماڵن و لە ئێستادا لە ئامادەکاریدان بۆ پێشرەوەی زیاتر.


وتەبێژی لیوای ١٦ نەقیب رێکەوت محەممەد بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لەشەرەکەی دوێنێدا ھێزەکانی پێشمەرگە تاوەکو ئەو شوێنەی بۆی دیاریکرابوو توانی کۆنترۆڵی بکات و ھەر سێ گوندی "حلێوەی گەورە و بچووک و بیر ئەحمەد" کۆنترۆڵ بکەن و ھەروەھا لە قۆلێکی دیکەشەوە ھێزەکانی بەدر و ھێزەکانی بەدر کە چەکدارە شیعەکانن ئەوانیش چەند گوندێکیان کۆنترۆڵ کردووە.

نەقیب رێکەوت وتیشی، حاڵی حازر ناو بەناو بە چەکی قورس شەڕەکە بەردەوامی ھەیەو زیاتریش لە قۆڵی ھێزەکانی بەدردایە و ئەو ھێزانەش ئامادەکاریان کردووە بۆ ئەوەی بەرەو پردی "زەرگە" پێشرەوی زیاتر بکەن.

رونیشیکردەوە، ھێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان و چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی پێشڕەوی زیاتر بکەن.

دوێنێ ھێزەکانی پێشمەرگەو ھێزەکانی بەدرو ھێزە عێراقییەکان لە سنووری شارۆچکەی دووزخورماتوو لە سێ قۆڵەوە ھێرشیان کردە سەر چەکدارانی داعش لەگوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەکە و ھێزەکانی پێشمەرگە تا ئەو شوێنەی بۆیان دیاریکرابوو توانییان چەکدارەکان راوبنێن و چەند گوندێکیشیان کۆنترۆڵ کرد. لەبەرامبەریشدا ھێزەکانی بەدرو ھێزە عێراقییەکانیش چەند گوندێکیان کۆنترۆڵکرد و ئێستاش شەڕ بەردەوامە.
Top