26 راوێژكاری کەنەدی لە كوردستان هاوكاری پێشمەرگە دەكەن

 26 راوێژكاری کەنەدی لە كوردستان هاوكاری پێشمەرگە دەكەن
سەرۆك وەزیرانی كەنەدا رایگەیاند، 26 سەربازی وڵاتەكەی لە باشووری کوردستان جێگیرن، بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە، كە لەشەڕدان لەدژی چەكدارانی داعش.

ستیڤن جۆزێڤ هارپەر، سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لە كاتی لێپرسینەوەدا لەپەرلەمانی وڵاتەكەی، كە لەسەر داوای تۆماس مۆلكێر، سەرۆكی پارتی دیموكراتی نوێ، كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەیە، گوتی، "بەڵێ 26 سەربازی كەنەدی ئێستا لە عێراقن بۆ پێشكەشكردنی راوێژ بەهێزەکانی پێشمەرگە، كە لەدژی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە شەڕدان."

ستیڤن جۆزێڤ هارپەر ئاماژەی بەوەشدا، کە پێشتر 69 سەرباز بووە. بەڵام ژمارەكە بەپێی پێویستیی و دۆخی سەربازی، كەم و زیاد دەكات.

چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی كەنەدا بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەشداریكردنی ئەو وڵاتە لەهێرشی ئاسمانی لەدژی چەكدارانی داعش لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتی شەڕی دژە تیرۆر لە عێراق و سووریا، بدات.








رووداو
Top