دووزخورماتوو.. تا ئەو شوێنەی بۆ پێشمەرگە دیاریكرابوو كۆنترۆڵ كرا

دووزخورماتوو.. تا ئەو شوێنەی بۆ پێشمەرگە دیاریكرابوو كۆنترۆڵ كرا
ئەمرۆ پاش ئەوەی لە سێ قۆڵەوە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و چەكدارە شیعەكان هێرشیان كردە سەر چەكدارانی داعش، هێزەكانی پێشمەرگە توانییان تا ئەو شوێنەی كە بۆیان دەستنیشان كرابوو لە چەكدارانی داعش پاك بكەنەوە و كۆنترۆڵی بكەن, لە دوو قۆڵەكەی دیكەشەوە شەر بەردەوامە.


وتەبێژی لیوای 16 نەقیب رێكەوت لە بەرەكانی جەنگەوە بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ وەكو هێزەكانی پێشمەرگە، هەر سێ گوندی حلێوەی گەورەو حلێوەی بچووك و ئەحمەد بیرمان بۆ دیاریكرا. بەرەبەیانی ئەمرۆ هێرشێكی فراوانمان بۆ سەر ئەو گوندانە دەست پێكردوە و تاوەكو نیوەرۆی ئەمرۆ توانیمان هەردوو گوندەكە لە چەكدارەكان رابماڵێن و كۆنترۆڵیان بكەینەوە.

وتیشی، لەوشەرەدا زیانی زۆریان بە چەكدارەكان گەیاندووە و لەبەرامبەریشدا تەنها دوو پێشمەرگە بە سووكی برینداربوون و لە ئێستادا ئەو ناوچانەیان كۆنترۆڵ كردوەو شەر وەستاوەتەوە. بۆ پێشڕەوی كردنی زیاتریش، چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆمان دەكەین.

هەر بە پێی زانیارییەكان لە دوو قۆڵەكەی دیكەشەوە كە چەكدارە شیعەكان و هێزە ئەمنییەكان بەشداریان كردووە، پێشڕەویان كردووە و توانیویانە لە چەند گوندێك چەكدارانی داعش راوبنێن و تاوەكو ئێستاش شەرەكە بەردەوامە.
Top