سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر

 سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەرێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی كوردستان و بڕیارە سەرەتا لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆك فراكسیۆنەكان و دواتریش لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیارانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

جبووری لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان تاوتوێی رەوشی ئاوارەكان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست بە بارودۆخی تەناهی عێراق دەکات.

جبووری لەوەتەی بووەتە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە دووەمجارە سەردانی هەولێر دەكات.

سەنگەر عەبولڕەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هۆڵی پێشوازیکردن لە جبوری لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، کە لە ئەجێندای سەردانەکەی جبوریدا هەیە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو دوو کۆبوونەوەیەدا کە بەجیا دەکرێت باسی گەڕانەوەی وەزیرە کوردەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکرێ.
Top