توركیا بە ناڕاستەوخۆ هاتۆتە ناو شەڕی داعش و ئێستا بنكەی ئەنجەرلیك بۆ شەڕەكە بەكار دەهێنرێت
هەروەها رۆبەرت گوتى: ئێستا راوێژكاری سەربازی لە كوردستان هەن، رەنگە سەد راوێژكاری ئەمریكی لە كوردستاندا هەبن، هەروەها ئەمریكا كەلوپەل بۆ كوردستان رەوانە دەكات، من وتەبێژی حكومەتی ئەمریكا نیم و بە ناوی حكومەتەوە قسە ناكەم، بەڵام دەزانم هاوكارییەكی زۆر لە ئەمریكاوە بەرەو هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكە چووە. مەسەلەكە ئەوەیە پێویستە خەڵكی زیاتری بەشدار بن لەسەر ئەرزی واقیع، من دەڵێم: دەبێت پشتیوانی ئێزدییەكانیش بكرێت، بە چەشنێك هەموو ئێزیدییەك بچێتە شەڕەكەوە بۆ گەڕاندنەوەی ماڵ و حاڵی خۆیان، هەروەها هەموو مەسیحییەك و هەموو كورد و هەموو عێراقییەك كە ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەست داوە. من ئومێدی ئەوە دەكەم هاوپەیمانێتی زیاتر بكرێت و هێزی عەرەبی بە سوپایەكی دیاریكراو بەشداری بكەن، نەك تەنها لە ئاسمانەوە، بەڵكو بەشداری بكەن لە هەندێ ناوچەی دیاریكراودا، وەك هێزی تایبەت، بە دڵنیایەوە ئەردەنی بن، یان سعودی، یاخود عێراقی پێویستە بچنە ئەو شوێنانەی داعش داگیری كردوون و هێرش بكەنە سەریان.
شایانی باسە لە درێژەی دیدارەكەیدا رابیل گوتى: ئەمریكا دەتوانێت بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان هاوكار بێت، بەڵام ئەمریكا ناتوانێت هەموو سوورییەكان پێكەوە كۆبكاتەوە و ئەوەیان بۆ دیاری بكات كە چ بڕیارێك لەبارەی ئایندەی خۆیانەوە دەدەن. ئەمریكا گورزی لە شوێنی زۆر گرنگ وەشاندووە-گرنگ بەلای داعشەوە-. سوپای سووریای ئازاد پشتیوانی دەكات و ئیسلامییەكانی دیكە خۆشحاڵ نین پێی، بەرەی ئەلنوسرە، تەنانەت ئەوانەی سەر بە ئەلقاعیدەش بوون كە شەڕیان لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی دەكرد، ئێستا دژی ئەمریكان، واتە ئەوانەی لە دژی داعش بوون، ئێستا لە دژی ئەمریكا دەوەستنەوە، كەواتە من دەزانم جیاوازی هەیە، بەڵام ئەمریكا بایەخ بەم جیاوازییە نادات، چونكە دوژمنێك هەیە، كە دوژمنی سووریایە و دوژمنی عێراق و ناوچەكەیە و ئەویش لە دژیان دەوەستێتەوە، بەڵام بە تەنها ئەم كارە ناكات، بەڵكو لەگەڵ پێنج دەوڵەتی عەرەبیدا ئەم كارە دەكات. ئەوەی من نیگەران دەكات و ئەوەی سەرجەم كاراكتەرەكانی لە سووریا نیگەران دەكات، ئەوەیە ئایا ئاكامەكانی لێدانی داعش لەلایەن ئەمریكاوە بۆ سەر گرووپەكانی سووریا چییە؟ بۆ نموونە هەندێ كەس دەڵێن: ئەوان هاوكاری رژێمەكە دەكەن، هەندێكی دیكە دەڵێن: نەخێر ئەوان هاوكاری رژێمەكە ناكەن و هاوكاری كەسانی دیكە دەكەن، هەندێ كەسی دیكە دەڵێن: كە سوپای سووریای ئازاد زۆر لاوازە و ئەو كاتەی ئەم سوپایە بەهێز دەبێت، ئەوا زۆر درەنگ دەبێت.
پرۆفیسۆر رۆبەرت رابیل هەروەها گوتی: ئەگەرچی توركیا رۆڵێكی راستەوخۆ ناگێڕێت، بەڵام ئێستا بنكەی ئەنجەرلیك بەكار دەهێنرێت، هەندێ كەس ئەمە رەتدەكەنەوە و هەندێ كەسیش پشتڕاستی دەكەنەوە، بەڵام بە گوێرەی ئەوەی خوێندوومەتەوە و بەپێی هەندێ سەرچاوەی موتەوازیعی خۆم، توركیا رێی داوە بە هاوپەیمانێتییەكە كە هەندێ بنكە بەكار بهێنرێت. كەواتە توركیا هەندێ رۆڵ دەبینێت، بەڵام لە پشت پەردەوەیە، بەڵام ئایا خوازیاری ئەوەین توركیا رۆڵێكی چالاكتری هەبێت، بە دڵنیاییەوە خوازیاری ئەوەین توركیا رۆڵێكی چالاكتری هەبێت، بە تایبەتی لەوەی پەیوەندی بە كوردەوە هەبێت لە ئێستادا، پێموایە ئەوەی لە كۆبانێ (عین العرب)دا روو دەدات، جێی بایەخێكی زۆرە بۆ كورد كە وایان لێدەكات بجووڵێن و رۆڵێكی چالاكتر ببینن، واتە چیتر ئەوە نەما دابنیشن و بڵێن نازانین چی بكەین، چونكە كورد رووبەڕووی هەڕەشەیەكی زۆ مەترسیدار بووەتەوە لە سەر سنوورەكانی كە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بكات، بۆیە تاوەكو زووتر بكەونە خۆیان و رۆڵێكی چالاكتر ببینن، بۆ خۆیان و بۆ ناوچەكەش باشترە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (995)
