سەرقاڵی پێكهێنانی هێزێكین بۆ ئەوەی موسڵ لە تیرۆریستانی داعش رزگار بكەین

سەرقاڵی پێكهێنانی هێزێكین بۆ ئەوەی موسڵ لە تیرۆریستانی داعش رزگار بكەین
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئەسیل نجێفی پارێزگاری نەینەوا بۆ گوتى: ئێمە لە ئێستادا سەرقاڵی پێكهێنانی هێزێكین لە پۆلیس و پاسەوانی نیشتمانی بۆ هاوكاریكردنی پرۆسەی ئازادكردنی شاری موسڵ، دیارە دوای تەواوكردنی رێوشوێن و پێداویستییەكانی پێكهێنانی ئەو هێزە، ئەو توانایەی دەبێت كە بەشداریی لەو پرۆسەیەدا بكات.

هەروەها ئەسیل گوتی: لە راستیدا چاكتر وایە لە خەڵكی شارەكە بن، هەروەها هێزی دیكەش هەبێت بۆ هاوكاریكردنی ئەم هێزە و ئەنجامدانی پرۆسەكە، بێگومان پێویستمان بە هێزی دیكەی گەورەی وەك ئەمریكا و گورزی ئاسمانی هەیە، بۆ دابڕانی كۆمەك و یارمەتیی دارایی لە داعش، بەڵام بڵاوەپێكردنی هێزی جیاواز لە سەر زەوی رەنگە داعش سوودی لێوەربگرێت و كێشەو ململانێ لە نێوانیاندا بێنێتەئاراوە.

شایانی باسە ئەسیل نوجێفی گوتی: لە راستیدا داعش زۆربەی یارمەتییەكانیان لە سووریاوە بۆ دێت، ئەو هێزەی داعش كە لە ناو موسڵدایە زۆر سنووردارە و تەنیا لایەنی تەقەمەنی نەبێت، بەڵام یارمەتییەكانی دیكەیان لە دەرەوە پێدەگات.

لە درێژەی دیدارەكەیدا نوجێفی گوتی: له موصل رەوشی گوزەران و ئابووریی خەڵكەكە لەو پەڕی خراپیدایە، خزمەتگوزارییەكان زۆر كەمن، یان هەر نین، نرخی یەك بوتڵ غاز گەیشتۆتە 40تا 50 هەزار دینار، خزمەتگوزاریی كارەبا و نەخۆشخانە و شارەوانی زۆر كەمە.

لە كۆتاییدا نوجێفی گوتی: ژمارەیان نزیكەی یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار كەس دەبێت، پێش رووداوەكانیش ژمارەیان لە دەوری یەك ملیۆن و 700 هەزار كەس دەبوو.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(995)
Top