وردەكاریی چۆنێتی كوشتنی ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لەزاری پۆلیسەوە

 وردەكاریی چۆنێتی كوشتنی ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لەزاری پۆلیسەوە
ئەمڕۆ دووشەممە لانە عەبدوڵڵا ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی راستی شاری هەولێر كوژرا، پۆلیس بە ماوەیەكی كەم توانی بكوژەكە ئاشكرا بكات، بەڵام هۆكاری ئەوە زانیاریی كچێكی لانە بووە كە بكوژەكەی ناسیوەتەوە كاتێك تەقەی لە دایكی كردووە.

رائید كاروان عەبدولكەریم، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەلێدوانێكی تایبەتدا گوتی "كاژێر 9:10 خولەك ئاگاداركراینەوە لە رووداوێكی كوشتن لە گەڕەكی راستی".

ئەوەی كوژرا لانە عەبدوڵڵا ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، كە رائید كاروان دەڵێ "دوو گولـلەی لێدرابوو". ئەو دوو كچی هەیە و شایەتحاڵی رووداوەكە بوون. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێ "یەكێك لە كچەكانی بكوژەكەی ناسیوەتەوە كاتێك تەقەی لە دایكی كردووەو ناوەكەی داوەتە پۆلیس".

رائید كاروان بۆ رووداو گوتی "20 خولەك دواتر ئاگاداركراینەوە لە رووداوێكی خۆكوشتن لە كورانی مەخموور، لەوێ زانیمان كە هەر ئەو كەسە بكوژی لانە بووە، چونكە ئەو دەمانچەیەی خۆی پێ كوشتبوو، هەمان ئەو دەمانچەیە بووە كە تاوانی یەكەمی پێ ئەنجامدراوە". گوتیشی "گولـلەیەكی لەناو دەمی خۆی دابوو".

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند، كە بكوژەكەی لانە ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕانەو "لەگەڵ لانە عەبدوڵڵا پێكەوە كاریان كردووە"، لەوە زیاتر هیچی نەدركاند و گوتی "سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین و هەركاتێك بە ئەنجام گەیشتین ئاشكرای دەكەین".






رووداو
Top