پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی یادی ٥١ساڵەی رادیۆ دەنگی کوردستان
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بەڕێزان بهڕێوهبهر و ستافی نووسین و كارمهندانی ڕادیۆی دهنگی كوردستان
سڵاوێكی گەرم
بەبۆنەی یادی پەنجاویەکساڵەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست دەكەم .
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی دامەزراندنی ڕادیۆی دهنگی كوردستان دەکەینەوە کە گەل و وڵاتەکەمان لە شەڕێکی چارەنووسسازدایە لە بەرانبەر تیرۆریستان، لە هەمانکاتدا بەهۆی ڕەوایی دۆزی گەلەکەمان و ئەو بەها بەرزانەی لە باوەڕبوونمان بە ئازادی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانەوە پێشانی دنیامان داوە، دەنگی ڕەوا و هەقبێژانەی خەڵکی کوردستان گەیشتە هەموو جیهان و ئێستا پشتیوانییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان هاتۆتە دی. ئەم پشتیوانییە گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان پەیامی زۆر گرینگی تێدایە و بۆ هەموولایەک ڕوون بۆوە کە ئیدی دەنگی خەڵکی کوردستان دەبیسترێت و ڕێگە نادرێت گەلەکەمان بخنکێندرێت.
بەرخودانی گەلەکەمان لە پیناو ئازادیدا بە قۆناخی زۆر سەخت و دژواردا تێپەڕیوە و دەستکەوتی مەزنیشی وەدەست هێناوە، لەو ڕێڕەوە سەختانەدا سەردەمێک دەنگی کوردستان تاکە بڵندگۆی داوا ڕهواكانی گەلەکەمان بوو و سەرەڕای کەمیی توانای تەکنیکی نەیهێشت دوژمنان دەنگی شۆڕش کپ بکەن، خۆشبەختانە ئێستا لەسایەی پێشکەوتنەکاندا ژمارەیەکی زۆری ناوەندی میدیایی لە کوردستان کار دەکەن و بوونەتە جێی ئومێد کە بتوانن دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی دۆزی گەلەکەمان بن.
هیوادارم دەنگی کوردستان وەک ڕابردوو بە گیانی پێشمەرگانەوە لە خزمەت گەل و وڵاتدا بن و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم .
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
28/9/2014
