هەر چركەیەك جەنگی داعش 87 دۆلاری تێدەچێت
لە كاتی دەستپێكردنی جەنگەكەوە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەی رابردوو، سوپای ئەمریكا لە هەر خوولەكێك 5 هەزار و 200 دۆلار و لە هەناسە هەڵكێشان و هەناسەدانەوەیەكدا 174 دۆلاری خەرجكردووە.
یەكەم رۆژی هەڵمەتەكەی ئەمریكا، كە تێیدا 22 شوێنی گرووپی داعش و رێكخراوی خووراسانی بۆ ماوەی 5 كاژێر بۆردوومانكرد، خەستترین هەڵمەتبوو و زۆرترین بڕی پارەی تێچووە.
رۆژی سێشەممە 47 مووشەكی جۆری تۆماهۆك، كە هەریەكەیان نرخی ملیۆنێك و 590 هەزار دۆلارە بۆسەر بارەگاكانی داعش هاوێژران، ئەو مووشەكانە لەلایەن كەشتی تێكشكێنەری USS Arleigh Burke ئەمریكی لە دەریای سوور وUSS Philippine Sea لە باكووری كەنداوی عەرەبییەوە هاوێژران، كۆی گشتی تێچوونی نرخی ئەو مووشەكانە بە تەنیا دەگاتە نزیكەی 75 ملیۆن دۆلار، ئەمەش جگە لە نرخی هێشتنەوەی كەشتییە تێكشكێنەرەكان لە نێو ئاو و بەكارهێنانیان بۆ هاوێشتنی مووشەكەكان.
ماڵپەڕی ئینتەرناشناڵ بزنز تایمزی ئەمریكی باس لەوە دەكات، كە فڕۆكەی جۆری ئێف 22 رابتۆر، كە ئەمریكا لە هەڵمەتی یەكەمی بەكاریهێنا، لە یەك كاژێر بەكارهێنانی 67 هەزار دۆلاری تێدەچێت، "ئەمەش جگە لە ژماردنی تێچووی ئەو سووتەمەنییەی بەكاری دەهێنێت".
ئەمریكا هەروەها مووشەكی جۆری Sidewinder ی بەكارهێناوە، كە نرخی هەر یەكێكیان بەلانی كەمەوە 665 هەزار دۆلار دەبێت، هەروەها مووشەكی جۆری ئێف 22ـی بەكارهێناوە، كە كێشی 110 كیلۆگرامە و نرخی هەر یەكێكیشیان دەگاتە 250 هەزار دۆلار.
گۆڤاری فۆرن ئەفێری ئەمریكیش بەهەمان شێوە باس لە تێچووی جەنگی ئەمریكا دەكات و دەڵێت، تێچووی هەڵمەتی ئەمریكا بۆ شەڕ رۆژانە 7 ملیۆن و 500 هەزار بووە و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، ساڵانە 3 ملیار دۆلار تێچووی شەڕەكە دەبێت.
بەپێی ئەوەی پێشتر باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوەكرد، كە رەنگە ئەو هەڵمەتە بە سێ ساڵ كۆتایی پێبێت، كەواتا ئەمریكا لە ماوەی ئەم سێ ساڵە دەبێت بڕی 9 ملیار دۆلار بۆ جەنگ تەرخانبكات.
هەندێك لە شارەزایان رەخنە لە كۆشكی سپی دەگرن، لەوەی نرخی تەواوی تێچوونی هەڵمەتەكەی ئاشكراناكات. ئەو شارەزایانە نرخەكان بە زیاتر لەوە مەزەندە دەكەن، كە لە رۆژنامەكاندا باسدەكرێت.
رووداو
