پێشمەرگەی كوردستان كاراترین هێزە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا

پێشمەرگەی كوردستان كاراترین هێزە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر دانیال سەروەر بۆ گوتى: پێدەچێت پێشمەرگە كاراترین هێز بێت لە دژی هێزەكانی داعش لە عێراقدا. رۆڵی ئەوان زۆر گرنگە. ئەوەی نایزانم ئەوەیە كە تا چەند لە كوردستان دوور دەكەونەوە بۆ شەڕكردن. فوئاد حوسێن لە ئەمریكا لە رێی رادیۆوە رایگەیاند داعش لە هەر كوێیەك بێت، ئەوا ئەوان شەڕی لە دژ دەكەن، چونكە داعش لە هەر كوێیەك بێت، هەڕەشەیە بۆ سەر كوردستان. بەڵام بە مەزەندەی من سنوورێك هەیە بۆ ئەوە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی بەغدا نایەوێت پێشمەرگە زیاتر بەرەو باشوور بڕوات.

هەروەها پڕۆفیسۆر دانیال گوتی: هەر وڵاتێك چەند هۆكارێكی خۆیان هەیە. توركیا دوودڵە لە بەشێكیدا لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دەستی بەسەر بارمتە دیبلۆماتكارە توركییەكاندا گرتووە. _ لەكاتی ئەم دیمانەیەدا دیبلۆماتكارە بارمتەكانی توركیا رزگار نەكرابوون - رەنگە قەتەر دوودڵ بێت، لەبەر ئەوەی عەرەبستانی سعودیە گەمەكارێكی گرنگە لە هاوپەیمانەكە. زۆرێك لە ئەوروپییەكان دوودڵن لە بەر ئەوەی، بە چەشنی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، شەكەت بوون لە شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لە رووی ئابوورییەوە لە پێگەیەكی لاوازدان. بۆیە بەڕاستی پێشوازی لە پێویستیی ئەنجامدانی كارێك لە دژی داعش ناكەن، بەڵام زۆرێك لە وڵاتانیش پەیوەندی جددی دەكەن.

شایانی باسە دانیال هەروها گوتی: رەنگە دەوڵەتە عەرەبییە سوننەكان بەشداریكردنی خۆیان لە شەڕی دژ بە داعش بشارنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە تۆڵەسەندنەوە بپارێزن، بەڵام داعش هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر دەوڵەتانی كەنداو، بۆیە زۆر گرنگە دەوڵەتە عەرەبیە سوننەكان بۆ شەڕ لە دژی داعش بەشێك لەو هاوپەیمانێتییە بن.
لە كۆتایی دیدارەكەیدا پرۆفیسۆر دانیال گوتی: پێموا نییە رەوتی هێرشە ئاسمانییەكان بەهۆی بەشداری نەكردنەوە بە راددەیەكی گەورە خاو بووبێتەوە. دەستنیشانكردنی ئامانجەكان پرۆسەیەكی ئاڵۆزە، ئەویش بۆ ئەوەی خۆت لە زیانی لاوەكی لابدەیت و دڵنیا بیت لەوەی هێرشەكان ئەنجامی خوازراویان لێ بكەوێتەوە.


درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(994)


Top