نێچیرڤان بارزانی داوا لە عەبادی دەكات سەردانی دهۆك بكات
دوای كۆتاییهاتنی سهردانی سەرۆکوهزیرانی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی)بۆ دهۆك، كه بۆ بهدواداچوونی ڕهوشی ئاوارهكانی سنووری پارێزگای دهۆك، به یاوهریی جێگری سهرۆكوهزیران(قوباد تاڵهبانی) و ژمارهیهك له وهزیرانی پهیوهندار به قهیرانی ئاوارهكانهوه، ماوهی دوو ڕۆژ دیدار و كۆبوونهوهیان لهگهڵ پارێزگار و بهرپرسانی كارگێڕیی پارێزگای دهۆك ئهنجام دا، ئێوارهی ئهمڕۆ دووشهممه 22ی ئهیلوولی 2014، له کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ئاکامی سەردانەکەیان و وهڵامی پرسیاری ڕۆژنامهنووسانی دایهوه.
سەردانێکی گرینگ..
سەرۆکوهزیران ڕایگهیاند كه بە یاوەریی جێگری سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە وەزیرانی حکوومەت هاتنە دهۆک، بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی پارێزگاكە و ستایشی ڕۆڵی یەکە كارگێڕییهكانی پارێزگاكهی کرد، بۆ ئەو ڕۆڵەی لهپێناو خزمەتگەیاندن بە ئاوارهكان، پێشکەشیان کردووە و گوتی: "ئێمە چەند ڕۆژە لە دهۆکین، لەو ماوەیە بە یاوەریی بهڕێزان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی حکوومەت لێرە بووین، بۆ ئەوەی بزانین بارودۆخی ئەو خوشک و برایانەمان کە لە دەڤەرکانی دیکەوە هاتوونەتە دهۆک چۆنە؟.
لە دەستپێکدا دەمەوێ سوپاسی هەموو میللەتی کورد بکەین لە هەموو شوێنێک کە بەهانای ئەو خەڵکە هەژار و لێقهوماوهوه هاتن و، بە ناوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی خۆم و کاک قوباد و هەموو ئەنجومەنی وەزیرانهوه، سوپاسێکی تایبەتی خەڵکی پارێزگای دهۆک بکەین، کە لەو ژیان و بارودۆخەدا ئەوەی بۆ ئەو خەڵکە مومکین بوو بۆ هاریکارییان، پێشکەشیان کرد.
لەو چەند ڕۆژەدا بە ڕاستی قەبارەی ڕاستەقینەی ئەو کارەساتەی لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای مووسڵ ڕووی داوە، دەرکەوت، کە بێگومان قەبارەکەی زۆر لە تواناكانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەورەترە. ئێمە لەو بارودۆخەدا داوا لە بەغدا دەکەین زیاتر بێتە نێو ئەم مەسەلەیەوە، بە تایبەتی سەرۆکوەزیران کە داوا دەکەین سەردانی پارێزگای دهۆک بکات و لە نزیکەوە ببینێت قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییە چەند گەورەیە؟. هاوکات داوا لە جەنابی (د. فوئاد مەعسووم) سەرکۆمار و بهڕێز سەرۆکی پهرلهمانی عێراق دەکەین، بێن سەردانی دهۆک بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو بارودۆخە بن كه لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتی لە پارێزگای دهۆک ههیه.
ئیدارەی دهۆک و جەنابی پارێزگاری دهۆک لەبارەی گەیاندنی خزمەت بە ئاوارە و لێقەوماوانی نێو پارێزگای دهۆکهوه، هیچ درێخییەکیان نەکردووە، دەستخۆشی لە هەموو ستافی كارگێڕیی دهۆک دەکەم، کە توانیان لەو ماوەیەدا هاوکاریی خەڵکی دهۆک بکەن، ئەمە جگە لە خەڵکی ئەو پارێزگایە، کە هیچ كهمتهرخهمییان لەمبارەیەوە نەکردبوو و مایهی ئهوپهڕی ڕێز و پێزانینن.
لەو دوو ڕۆژەدا ئێمە بە شێوەیەکی گشتی لەبارەی كهرتی پەروەردە و كهرتی ئەمنی و مەسەلەی ئاو و تەندروستییهوه دواین و، بە شێوەیەکی فراوان لە گرفتەکانیانمان کۆڵیەوە، بێگومان ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بێت بۆ هاریکاریکردنی پارێزگای دهۆک، ئەنجامی دەدەین.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە و ئەمڕۆ بە تەواوی تیشکمان خستە سەری، پرسی قوتابخانەکان بوو، کە ئەمڕۆ نزیکەی 450 - 460 قوتابخانە خەڵکی ئاوارەی تیادایە، ئەوەی لای ئێمە گرینگە چۆنیەتیی گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەیە بۆ قوتابخانەکانیان و دەستپێکردنە بە خوێندن. جێگەی خۆیەتی جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگریی و بهرگهگرتنی خەڵکی بهڕێزی دهۆک بکەین، ئەوانەی تا ئێستا منداڵانیان نەچوونەتە قوتابخانە، بەڵام ئەوەی گرنگە بیزانین، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانە بۆ قوتابخانەکانیان جددین و زۆر سوپاسی ئەو خەڵکە دەکەین کە له بارودۆخی دهۆک و هەرێمی کوردستان بە گشتی، تێدهگهن و ڕهوشهكه لهبهرچاو دهگرن.
لە سەردانی ئێمەدا بۆ دهۆک، چەند ڕێكارێكی دارایی هەبوو، بهڕێز وەزیری دارایی جێبەجێی کردن، هەندێک بابهتی تەندروستی هەبوون، بهڕێز وەزیری تەندروستی جێبەجێی کردن، چەندین پرسی دیکەی وەک پەروەردە و پۆلیس و ئاسایش هەبوون، ئەمە جگە لە پرسی دروستکردنی کامپی تایبەت بۆ ئاوارەکان، کە بهڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوە کاری لەسەر دەکات و، بێگومان لە پەلەکردن بۆ دروستکردنی کامپ بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی خەڵک لەو کامپانە نیشتەجێ بکرێن و قوتابخانەکان بەتاڵ بکرێنەوە، تا خوێندن تیایاندا دەست پێ بکات."
پرۆسەی خوێندن لە دەڤەری شنگال..
سەرۆکوهزیران ئاماژهی دا كه لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پەروەردەی دهۆک و شنگال، باس له ههبوونی زیاتر له (31000) هەزار قوتابیی ناوچەكه كرا، دووپاتیشی کردەوە كه بۆ حکوومەت ئەوە گرینگە ئەو قوتابیانە بگەڕێنەوە قوتابخانە و ڕایگهیاند لهگهڵ دروستکردنی هەر کامپێک، قوتابخانەش دەبێت و، داوایشی لە مامۆستایانی شنگال کرد بگەڕێنەوە کامپەکان و دەست بە گوتنەوەی وانە بکەن و گوتی: "وا بزانم ئەم مەسەلەیە کاتی دەوێت و پێم وایە تا دوو مانگی دیکەش پێویستیمان بە کات دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئەم قوتابی و خوێندکارانە بۆ خوێندن."
بەغدا و هەرێم و پرسی بودجە..
(نێچیرڤان بارزانی) هیوای خواست هەرێمی کوردستان و بەغدا بگەنە لێكگهیشتنێكی هاوبەش لهسهر پرسی بودجە و بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و ڕوونی كردهوه كه تا ئێستا دانوستاندنی فەرمی لە نێوان هەرێم و بەغدادا دەستی پێ نەکردووە و، (د. ڕۆژ نووری شاوێس) بە تەنیا چووە بۆ بەغدا و لە وێ لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت کۆ بووەتهوە، هیوایشی خواست ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکرێت.
هەروەها گوتی: "بە بەشداریکردنمان لە حکوومەتی عێراق، ئێمە چانسێکی دیکەمان بە بەغدا دایهوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە نێوانماندا هەن لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا، ئێستایش لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوامین و هیوادارین بگەینە چارەسەری. مەسەلەکە بۆ ئێمە شەخسی نییە، بە پێی دەستوور هەرێمی کوردستان ئێستا بەشێکە لە عێراق و خواستەکانی هەرێم لە (عەبادی) وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، خواستی دەستوورین و پێویستە ئەو خواستانە جێبەجێ بکرێن. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، ئەوەی لەسەر ئێمە بێت و تا گازندەمان نەیەتە سەر، ئامادەی هەماهەنگین و ئەو چانسەش دەدەینە بهڕێز عەبادی و هیوادارین بگەینە چارەسەریەک."
پرسی کۆبانێ..
سەرۆکوەزیران باسی لهوه كرد كه مەسەلەی کۆبانی تەنها بەو ناوچەیەوە پەیوەست نییە، بەڵکو بە تهواوی گەلی کوردهوه پەیوەستە و، نموونەیەکی دیکەیە لەو وەحشیگەرێتییەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، لە دژی گەلی کورد دەکرێت." هاوکات بە ناوی حکوومەتەوە ئیدانەی ئەم کردەوانەی کرد و تیشكی خسته سهر مەسەلەی یارمەتیدانی ئەو ناوچەیە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، كه ئەوەندە ئاسان نییە بتوانن هێز بنێرن و له ڕووی جیۆگرافیشهوه ئاسان نییه و گوتی: "ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو پارتییە سیاسییەکان لەمبارەیەوە ئەوەی پێمان بکرێت درێخی ناکەین."
پێشمەرگە ڕەوانەی کۆبانێ نەکراوە..
له كۆتاییی كۆنگره ڕۆژنامهنووسیهكهدا سەرۆکوهزیران دووپاتی كردهوه كه تا ئێستا پێشمەرگە ڕەوانەی کۆبانێ نەکراوە و، ئهگهر داوایهكی وا ههبێ، حکوومەتی ههرێمی کوردستان به جیددی لێی دهكۆڵێتهوه.
کارەساتەکە گەورەیە..
(نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی کردەوە ئەوەی لە دهۆک ڕوو دەدات کارەساتێکی گەورەیە و ئەگەر پشتگوێ بخرێت، ئەوا کارەساتەکە گەورەتر دەبێت و گوتی: "هەموو هەوڵەکانی ئێمە چارەکردنی ئەو پرسهیه لەگەڵ بەغدا و ئەوە بۆ ئێمە ئەولەویەتە. گرینگ ئەوەیە بەغدا لەوە تێ بگات دهۆک لە بارودۆخێکی زۆر سەختدایه کە لە تواناکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاترە و، لە هەر شوێنێکی دنیا هەر کارەساتێکی لەمجۆرە بقەومێت، حکوومەتی ناوهندی بەرپرسیاری یەکەمی چارەکردنی ئەو مەسەلەیە دەبێت."
زیاتر گوتی "من جارێکی دیکە داوا لە بەغدا دەکەم، لەوبارەیەوە بە شێوەیەکی جیددیتر کار بکات، چونکە کارەساتەکە زۆر گەورەیە و هیوادارین بەغدا بێتە نێو مەسەلەکەوە و لە ئاستێکی بەرزەوە سەردانی ئەم پارێزگایە بکرێت. سەرکۆمار و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم بارودۆخە بن، چونکە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور؛ بەشێکە لە عێراق."
پارەی نەوت نەچووهتە بەغدا..
سەرۆکوهزیران ئەوەی ڕەت کردەوە کە پارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان له توركیاوە چووبێتە بەغدا و ڕوونی كردهوه كه ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەستدایە، بەشی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان ناكات و تا ئێستا هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بنەمایە مکوڕە کە 17%ی ڕاستهقینهی داهاتی نەوت بۆ هەرێمە و 83%ی بۆ بەغدایە و گوتی: "ئێمە لاریمان لەسەر ئەو ڕێژەیە نییە، بەڵام ئەوەی دەمانەوێ 17%ی ڕاستەقینەیە، چونکە تا ئێستا ئەو ڕێژەیەمان بە تەواوی له بهغدا وەرنەگرتووە."
ئازادکردنی بارمەتەکانی تورکیا لە مووسڵ..
سەرۆکوهزیرانی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە ئازادکردنی بارمتەکانی کۆنسووڵخانەی تورکیا لە مووسڵ نیشان دا کە دوای ماوەیەکی درێژ گەڕانەوە نێو ماڵ و کەسوکاری خۆیان و دووپاتی كردهوه كه حکوومەتی ههرێمی کوردستان بە ئازادبوونیان خۆشحاڵه، بهڵام هیچ ڕۆڵێکی لەمبارەیەوە نەبوو.
ههروهها گوتی: "ئێمە قەت باوەڕمان بەوە نییە کە تورکیا لە دژی هەرێمی کوردستان هاوكاریی داعشی کردبێت و ئەمە ڕاست نییە و، تورکیا بۆ ئێمە دراوسێیەکی گرینگە و لە زۆر کاتدا، لە ڕۆژانی سەختدا یەکێک بووه لەو وڵاتانەی هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووه و هیوادارین ئەو پەیوەندییانەمان زیاتر پێش بکەون."
هاویکاریكردنی ئاوارەکان..
لەبارەی پێشکەشکردنی هاوکاریی داراییی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بۆ ئاوارەکان، سەرۆکوهزیران ئەوەی دووپات کردەوە کە حکوومەت لەسەر ئەو بڕیارەی خۆی مکوڕە و بڕیارەکە لە جێی خۆیەتی و هاوكارییهكهش دەگەیەندرێتە هەموو ئاوارەکان.
شەڕی پێشمەرگە وداعش..
(نێچیرڤان بارزانی) جهختی لهوه كردهوه كه پێشمەرگە سهرهتای شەڕی داعش لە هێڵی بەرگریدابوو، دوای هەڕەشەی داعش بۆ هەرێمی کوردستان ئەو شەڕە به سەر هەرێمی کوردستاندا سهپێنرا و ڕایگەیاند: "مەسەلەی داعش ئەمڕۆ تەنها پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکوو بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی و، ئەمڕۆ پێویستیمان بە هاوپەیمانییەکی جیددی هەیە بۆ شەڕ لە دژی داعش، نەک تەنها بە چەک، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک. بەڵێ، شەڕی چەکداری بەشێکە لەو ستراتیژە و ئەگەر ئەمڕۆ ببینین، دەستپێشخەریی شەڕ لە دەستی ئەواندا نەماوە. ڕاستە ماوەیەک لەمەوبەر پێشمەرگە تووشی کێشە و گرفت بوو، بەڵام ئێستا پێشمەرگە لەو شوێنانەی کۆنترۆڵی کردووە، لە جەلەولا تا دەگاتە زوممار و رەبیعە، دهستپێشخهری له دهستی پێشمەرگهدایه."
ڕۆڵی حکوومەتی عیراق بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان..
سەرۆکوهزیران ئاماژەی بەوە دا كه حکوومەتی عێراق لە سهرهتای کارەساتەکەدا هەندێک هاوکاری نارد، بەڵام کارەساتەکە زۆر گەورەیە و ڕوونی كردهوه ئەو نووسراوەی بۆ تەرخانکردنی پارە بۆ دروستکردنی کامپ بۆ ئاوارهكان ناردوویانه، گهییشتووهته هەرێمی کوردستان، بەڵام پارهكه به كردهیی نەهاتووهتە دەست پارێزگای دهۆک و ڕایگهیاند حكوومهتی عیراق خۆی لیژنەی داناوە کە پارێزگارانی دهۆک و سلێمانی و هەولێری تیادایە، ئەمە جگە لە بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و بەڕێوەبەرێکی گشتی و دەڵێ: "هیوادارین ئەو جێبەجێکردنە زوو دەست پێ بکات و لە هەموویشی گرینگتر بۆ ئێمە ئەوەیە هەموو جیهان بزانێت کارەساتێکی گەورە لە دهۆک ڕوو دەدات. بۆ زانیاریش ئەو یەک ملیۆن دینارەی باسی لێوە دەکرێت، کە له لایهن حكوومهتی عیراقهوه دابەشی سەر ئاوارەکان دەکرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیایدا نەبووە."
هەروەها گوتی: "کارەساتەکە لە دهۆک زۆر لە شوێنەکانی دیکە گەورەترە، بۆ نموونە لە شوێنێکی وەک خانەقین و دەوروبەری تا دەگاتە خانەقین و کفری 60 - 70 هەزار ئاوارەی تیادایە، بەڵام ئەوانەی دهۆک زۆر زۆر زیاترن، ههروهها لە هەولێر و لە سلێمانیش هەن. باسی لهوهش كرد كه پرسی ئاوارهكان لە ڕووی ماددیەوە، قورسایی زۆری خستووەتە سەر شانی هەرێمی کوردستان و ڕوونیشی کردەوە پارێزگای دهۆک خۆی ملیۆنێک و 300 هەزار کەسه، بەڵام ئەمڕۆ 820 هەزار کەسی دیکە هاتوونەتە سنووری دهۆك، کە پێویستییان بە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردەیی و ئاساییش دەبێت، ئهمانهش خهرجییهكی زۆر دەخەنە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ نموونه تەنیا بۆ کەرتی تەندروستی، پارێزگای دهۆك ساڵانه پێویسی به زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاره."
چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا..
سەرۆکوهزیران ئاشکرای کرد نامەیەکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق(د. حەیدەر عەبادی)ی ناردووە، کە تیایدا باسی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدای کردووە و داوای هاوکاری لە بەغدا کردووە و گوتی: "من داوام لێ کردن قبووڵی سەردانی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ بەغدا و، ئێمەش چاوەڕوانی وەڵامی بهڕێز سەرۆک وەزیرانین و دواتر بڕیاری ئەوە دەدەین کێ بچێت و شاندەکە چۆن بێت."
شەفافیەت لە پرسی هەناردەکردنی نەوت..
(نێچیرڤان بارزانی) ڕوونی كردهوه كه پرسی شەفافییەت لە هەناردەکردنی نەوت هەمیشە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە دووپاتی لێ دەکرێتەوە و ئاماژەی بەوە دا كه حکوومەتی هەرێم لە پرۆسەکانی تەندەرکردن و فرۆشتن و نرخی فرۆشتن، هیچ گرفتێکی نیە کە سۆمۆ لەگەڵیدا هاوبەش بێت و گوتی : "ئێمە وەک حکوومەتی هەرێم دەمانەوێ بگەینە ڕێککەوتن و ئهمه لە بەرژەوەندیی ئێمە و ئهوانیشدایه، ئەگەر ڕێگەیەک هەبێت کە سوودی ئێمە و حکوومەتی عیراقی تیادا بێت، ئێمە ئامادەین بیگرینە بەر، بەڵام بێگومان هیچ کاتێک قبووڵی ئەوە ناکەین کۆنترۆڵی پرۆسەکە بە دەستی بەغداوە بێت. ئاماژهی بهوهش دا كه بهڕێز عادل عەبدولمەهدی وەزیری ئێستای نەوتی عیراق، یەکێکە لە دۆسته کۆنەکانی کوردستان و ئێستایش کە وەزیری نەوتە، ئەمە هیوایەکی بەخشیوەتە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نهوت لهگهڵ عێراق."
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان..
سهرۆكوەزیران ستایشی ڕۆڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئارامگرتن لەبارەی دواکەوتنی مووچه، دوای بڕینی لە لایەن حکوومەتی بەغداوە و دووپاتی كردهوه كه ئەم هەڵوێستە جێگهی شانازییه. ههروهها گوتی: "کەم و زۆر، توانراوە مووچەیە بدرێت، ئەگەرچی گرفتی زۆری تێکەوتووە و باری حکوومەت زۆر قورسە، بەڵام هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە دەدرێت و پێم وایە ئەگەر پرسی داعش نەبوایە، ئێمە دەمانتوانی لە مانگی هەشتەوە، ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین، بەڵام پرسی داگیرکردنی مووسڵ و هەڕەشەکردنی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، مەسەلەكەی دوا خست." دووپاتیشی کردەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زوو یان درەنگ ئەو مەسەلەیە چارەسەر دەکات.
خەڵکی هەرێمی کوردستانیش لەوە دڵنیا دەکەمەوە کە مووچەیان بە هیچ شێوەیەک نافەوتێت. بەڵێ، دوا کەوت، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو مووچەیەی هەمانە پێیان دەدەین، بەڵام به دڵنیاییهوه مووچهی هیچ كارمهندێكی حكوومهت نافەوتێت و ههمووی وهردهگرن.
یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی کورد لەبەغدا..
(نێچیرڤان بارزانی) جهختی لهوه كردهوه كه ئەوەی بۆ کورد گرینگە ئەو وەزارەتانەی بە کورد دەدرێت، دەبێ بە شێوەیەک بێت هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکوومەت پشکیان تیادا هەبێت و تیایدا بەشدار بن و، یەکڕیزیی کورد زۆر لەوە گرینگترە کە کورد بچێ لە بەغدا لە حکوومەت بەشدار بێت و دواتر حیزبێک گلەیی بکات. ههروهها گوتی: "ئێمە دەبێ هەموومان پێکەوە بەشدار بین، بەڵام ئەگەر لەسەر حیسابی ئەو یەکڕیزییە بێت حزبێک بەشداری بکات و ئەوەی دیکە نا، ئەوە قابیلی قبووڵ نییە و ناشزانین ئەم وەزارەتانە چۆن دابەش کراوە و، بێگومان ئێمە قسەی لەسەر دەکەین.
