حكوومه‌ت دروستكردنی كه‌مپه‌كانی ئاواره و په‌نابه‌ران تاوتوێ ده‌كات
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باسێكی تێروته‌سه‌ل ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌مپانه‌ی له سنووری پارێزگاكه‌دا هه‌ن پێشكه‌ش كرا و، تیشك خرایه سه‌ر ئه‌و كه‌مپانه‌ش كه ئێستا له‌ژێر دروستكردندان و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به ته‌واوبوونیان ته‌واوی قوتابخانه‌كان چۆڵ بكرێن و بگوازرێنه‌وه بۆ ئه‌و كه‌مپانه. هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی سیسته‌م و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردن و ئه‌زموونی پێشتری به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌كان خرایه ڕوو، كه له كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌رانی كوردی سووریا وه‌ك كه‌مپی دۆمیز و كه‌مپه‌كانی دیكه، به هاوكاریی لایه‌نه په‌یوه‌نداره نێوده‌ڵه‌تییه‌كان تاقی كراوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه تازه‌كان سوودیان لێ وه‌ربگیرێت كه ژماره‌یان بیست هه‌زار یه‌كه‌ن و ئێستا له (14) كه‌مپ بۆ بیست هه‌زار خێزان له ژێر دروستكردندان.
پاشان نمایشێكی وێنه‌یی له‌سه‌ر دروستكردنی كه‌مپه‌كان پێشكه‌ش كرا و نموونه‌ی ئه‌و خێوه‌ت و یه‌كه و كابینانه نیشان دران، كه له كه‌مپه‌كاندا دروست ده‌كرێن و به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی له لایه‌ن شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌وه دانراوه، تیایاندا باشترین ستاندارد و تایبه‌تمه‌ندی له‌به‌ر چاو گیراوه. هه‌روه‌ها داكۆكی له‌سه‌ر پابه‌ندیی ته‌واو به واده و كاتی دیاریكراوی ته‌واوكردنی كه‌مپه‌كان كرایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئاوارانه‌ی ئێستا له‌نێو قوتابخانه و په‌یكه‌ری بینا ته‌واونه‌كراوه‌كاندا نیشته‌جێ بوون، بگوازرێنه‌وه كه‌مپه‌كان و بخرێنه ژێر ئه‌و سیسته‌مه كارگێڕییه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌كان ئاماده كراوه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه كه ده‌بێ زۆر به ڕێكوپێكی كاره‌كانی بنیاتنان و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌كان به‌ڕێوه بچێت و بۆ ئه‌مه‌ش له په‌یكه‌ری سه‌ره‌كیی كارگێڕیی پارێزگای دهۆكدا، پێگه‌یه‌كی كارگێڕیی تایبه‌ت به سه‌رپه‌رشتیكردن و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌كان دروست بكرێت و به‌رپرسیاریه‌تیی ڕاسته‌وخۆ و ئه‌ركه‌كه بسپێردرێته كه‌سێكی شاره‌زا و خاوه‌ن ئه‌زموون. هه‌روه‌ها به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیش جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كانی پێشتری به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌كان، بكرێته بنه‌مایه‌ك بۆ ڕاهێنان و فێركردنی تیمه تازه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپه‌كان و، گشتاندنی ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كانی ڕابردوو، بۆ هه‌موو كه‌مپه تازه‌كان بكرێت.
