سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دەكات
لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە فازل میرانی سكرتێر و د. ڕۆژ نوری شاوێز و هۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییە عێراقییەكان و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی و پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی تاوتوێ كرا و قسە لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرا.

هەر لەم دیدارە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێت.

بارودۆخی ئاوارەكان و یارمەتیدانیان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و وێڕای ئاماژەدان بە هەولەكانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی پەنابەران، جەخت لەوە كرایەوە كە چارەسەری سەرەكیی كێشەی ئاوارەكان گەڕاندنەوەیانە بۆ ناوچەكانیان و هەروەها پاراستن و قەرەبوكردنەوەیانە و پێویستە لەم ڕووەوە حكوومەتی عێراقی ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات.
Top