سه‌رۆك وه‌زیران پرۆژه‌ی بنیاتنانی كه‌مپێك له‌ شاریا به‌ سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆك وه‌زیران پرۆژه‌ی بنیاتنانی كه‌مپێك له‌ شاریا به‌ سه‌ر ده‌كاته‌وه‌
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ی ئه‌یلوولی 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ یاوه‌ریی به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرانی په‌یوه‌ندار به قه‌یرانی ئاواره‌كان و پارێزگاری دهۆك، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز كونسلی گشتیی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی پرۆژه‌ی بنیاتنانی كه‌مپێكی ئاواره‌كانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی شاریا كرد، كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگای ئافاد- ی حكوومیی توركیاوه‌، به‌ ستاندارتێكی به‌رز، دروست ده‌كرێت.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی یاوه‌ری، نموونه‌ی چه‌ند خێوه‌تێكی كه‌مپه‌كه‌یان به‌ سه‌ر كرده‌وه‌، كه‌ چوار هه‌زار خێوه‌ت له‌ خۆ ده‌گرێت و‌ هه‌ر خێوه‌تێك بۆ خێزانێكه‌، به‌ شێوه‌یه‌كیش دروست كراون كه‌ تیایاندا ڕه‌چاوی بارودۆخی كه‌شوهه‌وا و سارد و گه‌رمی كراوه‌. هه‌روه‌ها چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی جیاجیای تایبه‌تیان بۆ شوشتن و پاككردنه‌وه‌ و دووش و گه‌رماو و توالێت دروست كردووه‌ و كاره‌بایان گه‌یاندووه‌ته‌ خێوه‌ته‌كان، خێوه‌ته‌كانیش تایبه‌تمه‌ندیی دژی سووتانیان تیادایه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ش سه‌رما و تیشكی خۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر نیه‌.

دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی كه‌مپه‌كه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران به‌ ناوی خۆی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، سوپاس و پێزانینی پێشكه‌ش به‌ ده‌زگای ئافاد و حكوومه‌تی توركیا كرد و دووپاتی كرده‌وه:‌ توركیا نه‌ك هه‌ر ئێستا، به‌ڵكوو له‌ ڕابردووشدا كه‌ گه‌لی كوردستان تووشی كاره‌سات و نه‌هامه‌تی هاتووه‌، ده‌ستی هاوكاری و یارمه‌تی بۆ درێژ كردووه‌ و به‌هانایه‌وه‌ی چووه‌. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌زگای ئافاد له‌ چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه‌مپی هاوشێوه‌یان هه‌یه‌، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن توركیا و ده‌زگای ئافاد بۆ پازده‌ هه‌زار خێزانی دیكه‌ش خێوه‌تی هاوشێوه‌ بنێرن و چه‌ندین كه‌مپی دیكه‌، به‌ هه‌مان ستاندارد بنیات بنێن.

له‌ كۆتاییی به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، وێڕای پێشكه‌شكردنی سوپاس و پێزانین بۆ سه‌رپه‌رشتیاران و ئه‌نجامده‌رانی كاره‌كانی دروستكردنی كه‌مپه‌كه‌، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هاوكاری و ئاسانكارییه‌ك بۆ ده‌زگای ئافاد پێشكه‌ش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ ئاسانی كه‌لوپه‌ل و پێویستییه‌كانی دروستكردنی كه‌مپه‌كان؛ بهێنێته‌ كوردستان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی ڕاسپارد كه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن.
Top