كازم شممەری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ گوڵان:شەش مانگ ماوەیەكی چارەنووسسازە تا كابینەكەی عەبادی ببێتە نموونەی حكومەتێكی سەركەوتوو
من پێموایە حكومەتی تازەی عیراق لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا كاراتر دەبێت و داخوازییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدی دێنێت. بەڵێ، ئەو دامەزراوەیەی كە مالیكی بەرهەم هێناوە، هەمان دامەزراوەیە كە عەبادی بەرهەم هێناوە، بەڵام خاڵە گرنگەكە لەوەدایە مالیكی لە بارودۆخێكی سروشتی هاتۆتە ئاراوە، كە بە ویستی هاوپەیمانیی نیشتمانی بووە، واتا بەستنەوەی سیاسەتی ناوخۆو دەرەوە بە ئیرادەی مالیكی و هاوپەیمانییەتییەكەی بووە، بەڵام ئەمڕۆ عەبادی بەو ئیرادەیە نەهاتووە بەڵكو بە پشتگیریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە، بۆیە من بە تەواوی لەگەڵ ئەو بۆچوونەم، حكومەتێك لە شەش مانگی سەرەتادا نەتوانێت بەرنامەیك دابنێت بۆ بنیادنان و ئاوەدانكردنەوە دابین كردنی مافەكانی مرۆڤ و سیما و ئاكارەكانی حكومەتی چوار ساڵەی نەبێت كە وڵات بەڕێوە ببات، هەڵبەتە شكست دێنێت،
بە تایبەتیش كە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش وەستاوە، كە ئەوەندە لە بەغداوە دوور نییە، چونكە داعش لەلایەن چەند وڵاتێكەوە پشتیوانیی لێ دەكرێت كە هەرگیز خێرو خۆشییان بۆ عیراق ناوێت، بۆیە ئەو شەش مانگە ماوەیەكی چارەنووسسازە بۆ حكومەتی عەبادی تا بیسەلمێنێت كە دەتوانێت نموونەیەكی جیاوازتر لە حكومەتەكەی پێشتر پێشكەش بكات.
