دەزگای بارزانی مووچەی 6 مانگی بەسەر منداڵانی بێباوك لە هەڵەبجە و سەیدسادق دابەش كرد
رۆژی 21/9/2014 پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی دابەشكردنی مووچەی منداڵانی بێباوك لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، لە شارەكانی هەڵەبجە و سەیدسادق بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی دەستیان بە دابەشكردنی مووچەی شەش مانگی رابردوو بەسەر 200 منداڵی ئازیزی بێباوكدا لەسنووری ئەو دەڤەرە كرد.
لەو بارەیەوە بەرپرسی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری سلێمانی (سۆران خەڵەف) رایگەیاند، "بەپێی ئەو بەرنامەیەی دامانڕشتووە كە تایبەتە بە دابەشكردنی مووچەی منداڵانی بێباوك لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری، ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە و سەیدسادق دەستمان بە دابەشكردنی مووچەی شەش مانگی منداڵانی بێباوك كرد كە ئەم یارمەتییە بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی بەڕێوە دەچێت".
(خەڵەف) گوتیشی، "لە دابەشكردنی مووچەی منداڵانی ئازیزی بێباوك لە سنووری شاری سلێمانی بەردەوام دەبین و تاوەكو پێش جەژنی قوربانی پیرۆزیش سەرجەم منداڵانی بێباوك ئەوانەی لە پڕۆژەی چاودێریی ئازیزاندا ناویان تۆمار كراوە، لەو یارمەتییە سوودمەند دەبن".
