چوارەم بڕە هاوکاری فەرەنسا گەیشتە هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، " فڕۆكەیەکی جۆری ئێرباسی سەر بە سوپای فەرەنسی، كە 10 تۆن هاوكاری مرۆیی (چادر و داودەرمان و پێداویستی تەندروستی) بارکردووە، گەیشتە فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بەسەر ئەو ئاوارانە دابەش بكرێت، كە روویان لە شارەكانی باشووری كوردستان كردووە".
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە "لە 10ـی مانگی ئابی رابردووەوە تاوەكو ئێستا ئەمە چوارەمین جارە حكومەتی فەرەنسا لەسەر پێشنیازی لۆران فابیۆسی وەزیری دەرەوە لە رێگەی پردی ئاسمانییەوە هاوكاری مرۆیی رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، تاوەكو ئێستا نزیكەی 70 تۆن لەو هاوكارییە مرۆییانەی گەیاندووەتە هەرێمی كوردستان".
رۆمان نادال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "فڕۆكەیەكی بارهەڵگری فەرەنسی لەكاتی گەڕانەوەی 150 پەنابەری عێراقی هەڵگرتووە و لە فڕۆكەخانەی فەرەنساش، وەزیری دەرەوە خۆی پێشوازی لێكردوون"، دەشڵێت "ئەمە دووەمین بەشی پەنابەرانی عێراقییە دەگەنە فەرەنسا".
لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دووپاتیكردەوە، کە سەرەڕای پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لەسەر ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی دژی بنكەو بارەگاكانی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق بەبێ بڵاوكردنەوەی هێزی زەمینی".
بە ئامانجی كۆكردنەوەی زۆرترین پشتیوانی لە پێناو سەقامگیركردنی ئەمن و ئاسایش لە باشووری کوردستان و عێراق، لەسەرەتای ئەم مانگە بە بەشداری نوێنەرانی 29 وڵات و رێكخراوی نێودەوڵەتی و هەرپێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی، كۆنگرەی ئاشتی و ئاسایشی عێراق لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو.
رووداو
