عەزیز وەیسی: رۆیشتنی پێشمەرگە بۆ كۆبانی رێككەوتنی دەوێت
لیوا عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆیشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای كوردستان بۆ پاراستنی كۆبانی پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی نێوان هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتدارانی ئەو بەشەی كوردستانە و تاوەكو رێككەوتنێك نەبێت، ئێمە ناتوانین بۆ ئەو مەبەستە هەنگاو بنێین".
فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ئامادەیی دەربڕی بۆ ناردنی هێز بۆ رۆژئاوای كوردستان و گوتی، "ئێمە ئامادەین بڕۆین بۆ بەرگری لە رۆژئاوای كوردستان ئەگەر پەیەدە قبوڵی بكات، ئێمە ناتوانین سەربەخۆ بڕۆین خۆ ناچینە ئەوێ شەڕی پەیەدە بكەین".
عەزیز وەیسی زیاتر گوتی، "ئێمە دەبێت بڕۆین و لەگەڵ ئەوان هاوكاری بكەین بۆ ئەوەی شەڕی دوژمن بكەین، نەك ئەوەی بڕۆین لەوێش شەڕی پەیەدە و یەپەگە بكەین، ئەگەر ئەوان رێگە بدەن سەرەڕای ئەوەی ئێمە خۆمان لە باشووری كوردستان لەشەڕداین، لەگەڵ هێزی سیاسی رۆژئاوای كوردستان دەچین بۆ پاراستنی ئەو بەشەی كوردستان، بەڵام بە مەرجێك دۆخی سیاسی رێگا بدات."
سەبارەت بەوەی دەگوترێت هێز بۆ رۆژئاوای كوردستان نێردراوە، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی رەتیكردەوە و گوتی، "هیچ هێزێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ شەڕ نەچووە، ئەگەریش رۆیشتوون سەربەخۆ رۆیشتوون لەبەر ئەوەی هیچ فەرمانێك بۆ ئەو مەبەستە دەرنەكراوە".
هەروەها عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رەتیكردەوە، كە یەكێتی بیەوێت هێز بۆ رۆژئاوای كوردستان بنێرێت و رایگەیاند، "بڕیاری ناردنی هێز لەدەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە و ئەگەر پێویست بكات، ئەوان بڕیاری ناردنی هێز دەدەن".
رووداو
