تورکیا دەڵێ، نزیکەی 45هەزار ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان چوونەتە نێو خاکەکەیەوە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا(نەعمان قورتولموش)، بە سی ئێن ئێن تورکی ڕاگەیاندووە، "نزیکەی 45هەزار کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لە سنوور بەرەو تورکیا پەڕونەتەوە و تا ئێستا لە بە درێژایی 30کم و لە 8 خاڵەوە داخیلی تورکیا بوون."
کوردانی ڕۆژئاوا بە هۆی ئەو هێرشەی بۆ سەریان بەرپا کراوە، داوای هاوکارییان لە لایەنە کوردستانییەکان و هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بۆ بەرگرتن بە ئەگەری کۆمەڵکوژیی هاوولاتیانی کۆبانی، بە هانایانەوە و پشتیوانییان لێ بکەن.
لە بەرانبەردا، دوێنی هەینی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) داوای لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان کرد هەموو ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و بەیەكەوە بەرگری له كەرامەت و خاك و ژیانی هاووڵاتیانی كۆبانێ بكەن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکات گوتی، بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان ئەركێكە لەسەر شانی هەموومانە و لەسەرووی هەموو ئەركێكی دیكەیە.
(سەرۆک بارزانی) هاوکات داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش کرد بە زووترین كات هەموو ڕێوشوێنێك بگرنەبەر بۆ پاراستنی كۆبانی و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لە دەستی تیرۆریستان.
