یەكەم حاجی هەرێمی كوردستان لەشاری مەككە كۆچی دوایی كرد

یەكەم حاجی هەرێمی كوردستان لەشاری مەككە كۆچی دوایی كرد
شەوی رابردو (17لەسەر 18)ی ئەم مانگە "حاجیەكی سنوری پارێزگای سلێمانی لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركەكانی حەج لەشاری مەككە كۆچی دوایی كرد و ئەوەش یەكەم حاجی هەرێمی كوردستانە كەلەوەرزی حەجی ئەمساڵ كۆچی دوایی دەكات.





مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرپەرشتیاری تیمی راگەیاندنی حاجیان لەسعودیەوە رایگەیاند: لە نیوەشەوی 17لەسەر 18ی ئەم مانگە لەكاتێكدا هاوڵاتی (مستەفا مەولود مستەفا)كە تەمەنی 75ساڵە و خەڵكی گوندی(یاخیان)ی سەر بەقەزای دوكانە لەپارێزگای سلێمانی"سەرقاڵی ئەركەكانی حەجی ئەمساڵ بوو لەناو حەرەمی كەعبەی پیرۆز" بەپۆشاكی ئیحرامەوە دڵی لەلێدان كەوت و دوای ماوەیەكی كەم لەگەیاندنی بۆ نەخۆشخانە "گیانی لەدەستتدا ".



نەقشبەندی لەبارەی رێورەسمی بەخاكسپاردنیەوە گوتی:دوای پەیوەندیكردن بەكەسوكاریەوە بەرەبەیانی ئەمرۆ 18/9/2014 لەرێورەسمێكی شایستەدا دوای ئەوەی لەناو كەعبەی پیرۆزدا حاجیانی كوردستان و نزیكەی یەك ملیۆن حاجی جیهان نوێژی مردویان لەسەركرد "هەر بەپۆشاكی ئیحرامەوە بەپێی شەریعەتی ئیسلام لەگۆڕستانێكی شاری مەككە بەخاك سپێردرا"ئەوەش یەكەم حاجی ئەمساڵی هەرێمی كوردستانە كەلەسعودیە كۆچی دوایی دەكات".



مەریوان نەقشبەندی بەناوی وەزارەتی ئەوقاف و سەرجەم حاجیانی هەرێمەوە پرسە و سەرەخۆشی لەخانەوادە و كەسوكاری ئەم حاجیە كۆچكردوە كرد و ئاماژەی بەوەكرد كە ئەمرۆ" لەناو هۆڵی كۆبونەوەی حاجیانی هەرێم لەشاری مەككە پرسەی بۆ دادەنرێت.
Top