وەزارەتی ئەوقاف: حاجیانی هەرێم بێ كێشە گەییشتوونەتە سعوودیە

 وەزارەتی ئەوقاف: حاجیانی هەرێم بێ كێشە گەییشتوونەتە سعوودیە
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ فڕۆكەیەكی حاجیانی هەرێم و هیچ حاجییەكی كوردستان لە فڕۆكەخانەی بەغدا رانەگیراوە و هەمووان بە سەلامەتی و بێ كێشە گەییشتوونەتە سعوودیە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەریوان نەقشبەندی) ڕایگەیاند، هەندێ كەناڵی راگەیاندن بڵاویان كردووەتەوە گوایە فڕۆكەیەكی حاجیانی هەرێمی كوردستان لە كاتی رۆییشتنی بۆ سعوودیە، ناچار كراوە لە فڕۆكەخانەی بەغدا بنیشێتەوە و چەند كەسێكیان لێ دەستگیر كردوون، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە فڕۆكەیەكی عێراقی كە حاجیانی پارێزگای سەڵاحەددینی بار كردووە و لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە بەرەو سعوودییە چووە، بەڵام بە هۆی گومانكردن لەدوو حاجیی سەرنشینی ئەم فڕۆكەیە، فڕۆكەكە لە بەغدا دابەزێنراوە و لێكۆڵینەوەیان لەو دوو كەسە كردووە.

(نەقشبەندی) ڕوونیشی كردەوە، بە قسەی جێگری سەرۆكی دەستەی حەجی عێراق (كەمال عیساوی)، ئەو دوو كەسە و سەرجەم سەرنشینانی فڕۆكەكە ئازاد كراون و ئێستا لە سعوودیەن.

دەشڵێت، "ئێمە وەك سەرپەرشتیاری تیمی راگەیاندنی حاجیانی هەرێم كە ئێستا لە سعوودیەین، تەئكید دەكەینەوە كە هیچ فڕۆكەیەكی حاجیانی هەرێم و هیچ حاجییەكی كوردستان لە فڕۆكەخانەی بەغدا رانەگیراوە و هەمووان بەسەلامەتی و بێ كێشە گەیشتوونەتە سعوودیە و سەرقاڵی ئەركە ئایینییەكانی خۆیانن".
Top