لە پەرلەمانی عێراق یەکێتی بەپێچەوانەی لایەنە کوردییەکانی دیکە دەنگیدا

 لە پەرلەمانی عێراق یەکێتی بەپێچەوانەی لایەنە کوردییەکانی دیکە دەنگیدا
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو کەسی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریی کاندیدکرد، کە بریتیبوون لە ریاز غەریب و جابر جابری بۆ پێدانی متمانە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی زۆربەی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان و بەتایبەت لایەنە کوردییەکان دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا.

رێناس جانۆ ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دەنگدانی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ وەزیرەکانی ناوخۆ و بەرگری، کورد بە تێکڕا بڕیارماندا دەنگ بەو کاندیدانە نەدەین بەهۆی ئەوەی ئەوان هیچ پرسێکیان بە ئێمە نەکردبوو لەسەر ئەو کاندیدانە و ئەو دوو وەزارەتەیش بەلای ئێمەوە گرنگ بوو".

سەبارەت بە دەنگدانی فراکسیۆنە کوردەکان بەو وەزیرانە رێناس جانۆ گوتی" ئێمە وەک پارتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ هاودەنگ بووین لە پێنەدانی متمانە بەو دوو وەزیرە، بەڵام برادەرانی یەکێتی رایان جیاواز بوو و دەنگیاندا".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لەسەر دەنگدانی یەکێتی بەو دوو وەزیرە بە پێچەوانەی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردییەکان گوتی: "نازانین کێ لە فراکسیۆنی یەکێتی دەنگی داوە، بەڵام زۆربەیان لەگەڵ ئەوە بوون کە دەنگ بدەن و دەنگیان داوە".

ئارێز عەبدوڵڵا پەرلەمانتار لەسەر لیستی یەکێتی نەیشاردەوە کە لە فراکسیۆنەکەیان بۆچوونی جیاواز هەبووە لەسەر دەنگدان بەو کاندیدانە، بەڵام گوتیشی :"ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە لەوەی رێکبکەوین بە هەموو لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ بین کە کاندیدێک پەسەند بکەین یان نا".

ئەو گوتیشی : "لەکاتی متمانەدان بە کاندیدانی پۆستە وەزارییەکان، چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی، گۆڕان و یەکگرتوو دەنگیان داوە"، بەڵام نەیگوت بە کامە کاندیدید متمانەیان داوە.






رووداو
Top