ئای تی بڕبڕەی پشتی حوكمڕانییە، هەر دەزگایەك سیستمی بەڕێوەبردنی سامانی مرۆیی نەبێت رۆحی تەكنەلۆژیاكە دەمرێنێت

ئای تی بڕبڕەی پشتی حوكمڕانییە، هەر دەزگایەك سیستمی بەڕێوەبردنی سامانی مرۆیی نەبێت رۆحی تەكنەلۆژیاكە دەمرێنێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان د.عەبدولڕەحمان ساڵح میران پسپۆڕ لەبواری تەكنەلۆژیای زانیاری بۆ گوتى: بە رەچاوكردنی چەند هۆكارێك دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت، سەرەتا پەنجە بۆ ژێرخانی كۆمەڵگە درێژدەكەم كە چ كاریگەرییەك بەجێدێڵێت لەسەر ئاست و بوارو چۆنیەتی بیركردنەوەی تاكەكان لە كۆمەڵگەدا. ئەبرەهام ماسلۆ دەڵێت: گرنگترین شتێك لە كەسێكدا ئەوەیە هۆشمەندی و ئاگایی خۆی سەبارەت بە خۆی بگۆڕێت، كاتێك كوردستان بەرەو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت هەنگاوەكانی كۆدەكاتەوە، پێویستی زۆری بە كۆمەڵێك دامودەزگای چالاك و باوەڕپێكراو هەیە، یەكەمیان ئەوەیە لە رووی پاراستنی زانیاری و بەڕیۆەبردن و جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان كە لە ئاستی پێشكەوتنی دنیا دانەبڕێت، وەك زۆر وڵاتی تری دنیا پێویستە حكومەت پلانێكی ستراتیژانەی هێمنانە داڕێژێت. من لە پڕۆژەیەكمدا بە ناوی “بە ئەلەكترۆنیكردنی حكومەتی كوردستان” بە درێژیی لێی دواوم و تەنانەت لە جێبەجێبوونی یەكەمین قۆناغی ئەم پڕۆژەیەدا دەتوانین بڵێین: چ حكومەت بە دامودەزگاكانیەوە، چ هاووڵاتیان بە چین و توێژەكانیەوە سوود وەردەگرن لە بەئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێم هاوشێوەی ئەو سیستمەی لە ئەوروپا و بەریتانیا و زۆربەی شوێنەكانی دنیادا هەیە. زۆر گرنگە ئەو وەزارەتانەی بڕبڕەی پشتی حكومەتن دیبلۆیی بكرێن بە تۆڕەكانی تەكنەلۆژیای زانیارییەوە، لەوانە وەزارەتەكانی ئابووری و بازرگانی و سامانە سرووشتییەكان و تەندروستی و پەروەردەو داد و پێشمەرگەو ناوخۆ، ئەمڕۆ كەموكوڕیی زۆر لە سیستمی ئای تی ئەم وەزارەتانەدا هەن، پێویستە لەسەر وەزارەتی پلاندانان بە شێوازێكی چەسپاوانەو ئەكتیڤانە تۆڕەكانیان دیبلۆیی بكات.

هەروەها د.عەبدولڕەحمان ساڵح میران گوتی: ركابەرایەتیی نێوان وڵاتان بەتایبەتی نێوان هەردوو زلهێزی جیهان ئەمریكاو رووسیا لە پاش شەڕی ساردەوە زۆرترین و گرینگترین كێشەی نێوانیان سایبەر سیكوریتی بووە، هەردوو ناوبراوان جوولیان ئەسانگ و ئێدوارد سنودنە رۆڵێكی گەورەیان گێڕاوە لە گرژتربوونی پێوەندییەكاندا كە قەیرانێكی گەورەیان بۆ دەزگاكانی هەواڵ قۆستنەوەی ئەمریكایی ناوەتەوە، كە بە دووەمین وڵات دەژمێردرێت لە پاش سەنگافوورە بەپێی راپۆرتەكانی دوای 2012، من دكتۆراكەم لەسەر ئەم بابەتەیە، واتا بابەتی پاراستنی پرۆتۆكۆڵی(TCP IPV6) تۆڕی نێودەوڵەتی.

شایانی باسە لە درێژەی بابەتەكەدا ساڵح میران گوتی: لەم دواییەدا چەند بەكرێگیراوێكی وڵاتانی دراوسێ توانییان ئیمەیل و حیساباتی فەیسبووكی چەندین لێپرسراوی حكومەتی هەرێم هاك بكەن و لەو رێگەوە نهێنیەكانی ئەوان و حكومەتیان دزی. نموونەیەكی تر كاتێك ئێران كارگەی ئەتۆمی بووشەهری دروست كرد، زۆر بە چاكیش پاراستبووی، كەچی ئاژانسی ئاسایشی ئەمریكاو موسادی ئیسرائیلی بە ناردنی ڤایرۆسێك توانییان ماوەی دوو ساڵ ئامێر و دەزگا ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە پەك بخەن، تەنانەت تا شەش مانگ ئێران هەر نەیدەزانی كە هۆكارەكە ئەو ڤایرۆسەیە، كەواتە ئەم بوارەی سایبەر سیكوریتی كاریگەری هێندەی هێزی سوپایەك هەیە، كە پێویستە سوودی لێ وەربگیرێت لە پێناوی پاراستنی دەسكەوتەكانی ژێرخان و سەرخانی كوردا. لە بواری ئای تی هەموو زانكۆكانی كوردستان تا ئێستاش نەیانتوانیوە دەستەیەكی پێشكەوتووی لێهاتوو لەم بوارەدا دروست بكەن، ئەمە وەك سیستمی پەروەردەو فێركردن بەردەوام پێویستی بە ئاپدەیتە، هەروەها قوتابیانی بواری تواناسازی كە دەنێردرێنە دەرەوە پلانێكی ئەكادیمیكیان بۆ بكێشرێت تا قەڵایەك لە سایبەر سیكوریتی دامەزرێنرێت و ئاسایشی كوردو كوردستانیان پێ بپارێزن..




لە درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (993)
Top